ورچەکە کوژرا.. وابڕوات هیتر لە رێیە

باڵەکایەتی موحتاجی پۆلیسی دارستانە، کەچی نایدەنێ

+964

ئاکام غەفور-سۆران

کەم شوێن هەیە ئەوەندەی باڵەکایەتی سروشتێکی جوان و دەوڵەمەندی هەبێت، کەچی لەمسەر بۆ ئەوسەری بگەڕێی پۆلیسی ژینگەو دارستانی نییە ئاگایەکیان لەو دارو بەردەی ئەو ناوچەیە بێت.

باڵەکایەتی سنورێکی فراوانە، ناوەندەکەی قەزای چۆمانەو ناحیەکانی سمیلان و گەڵاڵە و قەسرێ و حاجی ئۆمەرانی بەسەرەوەیە لەگەڵ 116 گوند، لەو دەوروبەرە هەرچییەک لەبارەی ژینگەوە بقەومێت کەس ناچێت بە دەمیانەوە.

نزیکترین پۆلیسی ژینگەو دارستان لێیانەوە ئەوەی سۆرانە، بەڵام ئەوانیش خەریکی ناوچەیەکی فراوانن و فریای باڵەکایەتی ناکەون.

ئەمیر خۆشەوی، وتەبێژی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سۆران، بە 964ـی وت ”پێشتر پێشمەرگەی پاراستنی ژینگە لە ناوچەکە بوون، بەڵام لە ساڵی 2014 لەگەڵ شەڕی داعش گوازرانەوە دوای ئەو کاتەش نەگەڕانەوە، لە کاتی بوونی بابەتی پەیوەندیدار بە ژینگەش ئێمە ناچین بۆ سنوری چۆمان”.

چارەسەر ئەوەیە بنکەیەکی پۆلیسی ژینگەو دارستان بکرێتەوە، بەڵام هەرجارێک ئەوەی سۆران داوای دەکەن، لەوەزارەتی ناوخۆوە جواب دێتەوە، میلاکمان نییەو ناتوانین بیکەینەوە.

فەرمانگەی ژینگە ئاگایان لێیە کە هەم راوکردن و هەم پێشێلکاری ژینگە لەو ناوە زیادی کردووە، بەڵام ئیتر ناوچەکە فراوانەو بنکەیەک نەبێ کۆنترۆڵ ناکرێت.

هەژار ماهیر بەرپرسی فەرمانگەی ژینگەی سۆران بە 964ـی وت ”نەبوونی بنکەی پۆلیسی ژینگەو دارستان لە باڵەکایەتی، وایکردووە خەڵک زیاتر پێشێلکاری بەرامبەر ژینگە بکات و راوی نایاسایی زۆر بێت”.

رەنگە نموونەی هەرە زیندوو کوشتنی ورچە بەناوبانگەکەی ئەم دواییە بێت، هەفتەی رابردوو بابەتی هەرە گەرمی ئەم ناوچەیەو شارەکانی تریش باس باسی ورچە دەگمەنەکەی باڵەکایەتی بوو، ئەو وردە لە جۆرێکی دانسقە بوو، لەپڕ بە کوژراوی دۆزرایەوە، دەرکەوت فیشەکیان لێداوە، دوایی بەرگری شارستانی سۆران لە شوێنێکی عاسی هێنایە خوارەوەو بڕیاری لێدراوە کە مۆمیا بکرێت.

پردی حافز شوێنێکی بەناوبانگە لەو ناوچەیە، سنوری باڵەکایەتی لەوێوە دەست پێدەکات تا دەگاتە کۆتا خاڵی هەرێم لە حاجی ئۆمەران، ناوچەکە شاخاوییەو سەیرانگە بەناوبانگەکانی وەک پرژەو ئینێ و وەرتێ و چیای سەکران و گۆمی فێڵاوی بەسەرەوەیە، هەم شوێنێکی لەبارە بۆ ئاژەڵی کێوی و هەم سەیرانکاری زۆری بۆ دێت، ناوچەکە تەماعی راوچییەکانی لەسەرەو پۆلیسێک نییە رایان بگرێت.