داواکاری بە وەزارەت درا

بەڵێندرا کێشەی کارەبای ناحییەکانی سەر زێی بچووک چارەسەربکرێن

964+
ئەحمەد مستەفا

وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان بەڵێن بە سێ ناحیەی سەر زێی بچووک دەدات، بەپێی رێنمایی پێدانی کارەبا، “کێشەی ڤۆڵتییەی کارەبای گوندەکانیان بۆ چارەسەر بکات”.

گوندەکانی ناحیەی ئاشتی، تەقتەق و ئاغجەلەر لە باشووری کۆیە ئەو ناوچانەن، کە کێشەی ڤۆڵتییە (بەرزو نزمی) پێدانی کارەبایان هەیە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 22.8.2024، ئومێد ئەحمەد، وتەبێژی وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان بە 964ی وت، “هەڵگورد عەبدوڵا، بەڕێوەبەری ناحیەی ئاشتی سەردانی وەزیری کارەبا، کەمال محەمەدی کردووە و داواکاری هەرسێ ناحیەکەی پێ گەیاندووە”.

خواستی ئەو ناحیەیانە، چارەسەرکردنی کێشەی ڤۆڵتییەی کارەبای 24 گوند و دابینکردنی کارەبا بۆ حەوزەکانی ماسی و کارگەکانی ئالیک و راکێشانی کارەبا بۆ پڕۆژەیەکی گەورەی گەشتیاریی قەرەناوە لە ناوچەکە.

وەزارەتەکە خۆی لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە،”کێشەی کارەبایان بۆ چارەسەر دەکات، بە شێوەیەک کاریگەری بەسەر کارەبای ناحیەکە و گوندەکانی نەبێت”، لەبارەی میکانزیمەکە وتەبێژەکەی وەزارەتی کارەبا وردەکاری ئاشکرانەکرد و وتی، لەناو وەزارەت بەرنامەڕێژی بۆ دەکرێت.

ئەو سێ ناحیەی سەر زێی بچووک خاوەنی سەدان حەوزی ماسین، سەرەڕای دەستەبەرکردنی داهات و دابینکردنی بەرهەمی ماسی، هەلی کاریان بۆ ژمارەیەک لە دانیشتووانی ناوچەکە رەخساندووە.

کۆبوونەوەی وەزیری کارەبا و بەڕێوەبەری ناحیەی ئاشتی؛

+964صورة من منصة (شبكة):