جوتیارانیش دەڵێن وابڕوا ناتوانین گەنم بچێنین
پارەی گەنمی جوتیارانی کورد هێشتا نەدراوە
+964
ژێوار خدر
تاوەکو ئێستا جوتیارانی هەرێمی کوردستان، پارەی گەنمی ئەمساڵیان لەلایەن حکومەتی عێراقەوە پێ نەگەیشتووە و بەشێکیان دەڵێن وا بڕوات توانامان نابێت ئەمساڵ هیچ گەنمێک بچێنین.
عومەر سەید عەلی، جوتیارێکی ناحیەی بنگردە قسەی بۆ 964 کرد و وتی، بڕیار بوو هەفتەیەک دوای پڕۆسەی وەرگرتنی گەنم پارەکەمان بێت، بەڵام تا ئێستا هیچ سۆراغێکی نییە.
وتیشی، بەنیاز نیم ئەمساڵ هیچ گەنمێک بچێنم، چونکە پارەی ئەوەم نییە بنەتۆ بکڕم، جگە لەوەش هەر بنەتۆ نییە ئێمە پێویستە هەم کیمیایی بکڕین و هەمیش پارەی تراکتۆر بدەین بۆ کێڵانی زەوییەکان و دەبێت پسوڵەیش بکڕین، کە بەڕاستی بێ وەرگرتنی ئەو پارەیە لە تواناماندا نییە هەموو ئەو پێداویستییانە دابین بکەین و ناچارین ئەمساڵ زرعات نەکەین.”
کشتوکاڵی سلێمانی دوو هەزار تۆن گەنمی بنەتۆو دەکڕێتەوە
سەبارەت بە هۆکاری دواکەوتنی پارەی گەنم 964 پەیوەندی بە کاسترۆ مەعروف، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانییەوە کرد، ئەو وتی، ”بەداخەوە لە ساڵی 2013ەوە وەزارەتی بازرگانی عێراق بەم شێوەیە مامەڵە لەگەڵ جوتیارانی کورددا دەکات و لاوازی نوێنەرانی کوردیش لە بەغدا یەکێکە لە هۆکارەکانی ئەم جۆرە مامەڵەیە.
لاوازی نوێنەرانی کوردیش لە بەغدا یەکێکە لە هۆکارەکانی ئەم جۆرە مامەڵەیە
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگا وتیشی، نەک هەر لە دابەشکردنی پارە غەدر لە جوتیارانی کورد دەکرێ، بەڵکو لە وەرگرتنی گەنمیشدا بڕێکی کەمتر لە جوتیارانی کورد وەردەگیرێ لە کاتێکدا لە پارێزگاکانی عێراق جوتیاران هەموو گەنمەکانییان لێ وەردەگیرێت.
”جوتیارانی کورد ناچارن گەنمەکانییان هەرزان فرۆش بکەن، بەهۆی ئەوەی بەشێکی کەمیان لەلایەن سایلۆکانەوە لێ وەردگیرێت، ناچارن ئەو بەشەی کە دەمێنێتەوە بە نرخێکی هەرزان بە بازرگانەکان بفرۆشنەوە و ئەوانیش دەچن لە پارێزگاکانی خوارووی عێراق بە سایلۆکانی دەفرۆشنەوە.” کاسترۆ مەعروف وای وت.
جووتیارە کوردەکان گەنم بۆ سایلۆکانی عێراق دەبەن
روونیشیکردەوە، رۆژی یەکشەممەی داهاتوو، لە هەموو پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان نوێنەرەکانییان کۆدەبنەوە و سەردانی بەغدا دەکەن، بۆ سۆراغی پارەکانیان، ئەوەشی نەشاردەوە ئەگەر نوێنەرانی هەریمی کوردستان لە عێراق خەمخۆر بوونایە نەیاندەهێشت بەو شێوەیە مامەڵە لەگەڵ جوتیاری کورددا بکرێت.
تا ئێستا کەمترین پارەی گەنمی جوتیاران لە عێراق وەرگیراوە
بەپێی قسەی کاسترۆ مەعروف، لە کۆی سەرووی 500 ملیۆن دینار لە پارەی گەنمی جوتیارانی کورد، تا ئێستا تەنیا هەشت ملیۆن دینار وەرگیراوە، ئەویش لە بەشێکی کەم لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان.