بۆ کوژاندنەوەی هەلیکۆپتەر بەکاردێت
دارستانەکانی سنووری باشماخ ئاگریان گرت
964+
شۆڕش قادری
دارستانەکانی سنووری باشماخ ئاگریان گرت و بەرپرسانی مەریوانیش دەڵێن، بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە، هەلیکۆپتەر بەکاردێنن.
ئاژانسی هەواڵی مێهر نیوز لەزاری ئیسماعیل ئەحمەدی قائیمقامی مەریوان بڵاویکردەوە، “دارستانەکانی دەورووبەری گوندی باشماخ سەر بە شاری مەریوان ئاگریان گرتووە و لەسەر ئەو بابەتەش چەندین کۆبوونەوەیان ئەنجام داوە”.
“بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە هەلیکۆپتەر رەوانەی ناوچەکە کراوە و ئەرکی بەدواداچوون لە بەرنامەی کاریی قائیمقامیەتی مەریوان و بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کۆنتڕۆڵکردنی قەیران لە پارێزگای سنە و سەرچاوە سروشتییەکان دانراوە و هەماهەنگی تەواو لە نێوانیاندا هەیە”، ئیسماعیل ئەحمەدی ئەمەشی وتووە.
دەشڵێت، “هۆکاری سەرەکیی بەکارهێنانی هەلیکۆپتەر بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە ئەوەیە کە رێگە لە زیان گەیاندن بە فاکتەرە مرۆییەکان و زیانی گیانیی بگرین”.
هاوکات بەهزاد شەریفی پوور بەڕێوەبەری گشتیی سەرچاوە سروشتییەکان و ئاودێری سنە دەڵێت، “تیمەکانمان سەرقاڵی کوژاندنەوەی ئاگرەکەن و پێشبینی دەکەین تا کۆتایی ئەمشەو ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ بکەین”.
پێشتر “شەریفی پوور ئامارێکی سەبارەت بە رووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە لە پارێزگای سنە بڵاوکردبووەوە و رایگەیاندبوو، “لە هاوینی ئەمساڵدا 118 جار ئاگر لە ناوچەکانی پارێزگای سنە کەوتووەتەوە و بە هۆیانەوە هەزار و 637 هێکتار لە دارستان و لەوەڕگاکان سووتاون”.