كارەساتەكەی ساڵی رابردوو لە بیر نەكراوە

مەرجی سەلامەتی لە بەشەناوخۆییەكانی سۆران جێبەجێ دەكرێت

+964
ئاکام غەفور-سۆران

لە سۆران ئەو باڵەخانە و بینایانەی دەکرێن بە بەشەناوخۆیی خوێندکاران و مامۆستایان، دەبێت رەچاوی مەرجەکانی سەلامەتی بکەن.

ئێستا ئامادەکارییەکان دەستیپێکردوە و ئەو بینایانەی دەکرێن بە بەشەناوخۆیی دەبێت مەرجە نوێیەکان جێبەجێ بکەن، حەوت باڵەخانەش بە هۆی نەبوونی مەرجی سەلامەتی، مۆڵەتی بوون بە بەشەناوخۆییان لێ وەرگیراوەتەوە، بەرگریی شارستانیش دەڵێت، نامانەوێت کارەساتی ساڵی رابردوو دووبارە ببێتەوە.

رەوەند هاودیانی، وتەبێژی بەرگریی شارستانیی سۆران و ئەندامی لیژنەی جێبەجێکردنی مەرجی سەلامەتی، بۆ 964 قسەی کرد و دەڵێت، “16 مەرج بۆ ئەو بینا و باڵەخانانە دیاریی کراون، کە دەکرێن بە بەشەناوخۆیی و هەبوونی پەیژەی رزگارکردن، سیستمی ئاوپڕژێنی ئۆتۆماتیکی، دانانی سۆندە و بەکرەی ئاگرکوژێنەوە لە ناو بیناکان، بوونی هەواگۆڕکێ لە کاتی بوونی دوکەڵ، لە مەرجە سەرەکییەکانن”.
وتیشی، “لە دوای سووتانی باڵەخانەکەی ساڵی رابردوو لە سۆران، ئەو لیژنەیە لە وەزارەتی ناوخۆ پێکهاتووە بۆ پارستنی گیانی خوێندکار و مامۆستایان، مەبەستیش لێی، دووبارەنەبوونەوەی کارەساتی ساڵی رابردووە”.

وەک هاودیانی باسی دەکات، لە سۆران ئەو بینایانەی دەکرێن بە بەشەناوخۆیی، بینای کەرتی تایبەتن و زانکۆ بەکرێیان دەگرێت بۆ خوێندکار و مامۆستایان.

بەرگریی شارستانیی سۆران باس لەوەش دەکات، ساڵی رابردوو نزیکەی 35 شوێن کراون بە بەشەناوخۆیی و ئەمساڵ لەو ژمارەیەدا حەوت شوێن بەهۆی جێبەجێنەکردنی مەرجەکان و چەند بینایەکیش بەهۆی کۆنییەوە، گرێبەستی بوون بە بەشەناوخۆییان لەگەڵدا هەڵوەشێندراوەتەوە.

شەوی 8.12.2023 ئاگر لە باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوونی قەزای ناوەندیی سۆران کەوتەوە و بەهۆیەوە 14 کەس گیانیان لەدەست دا و حەوت کەسی دیکەش برینداربوون، كە زۆربەیان مامۆستا و قوتابی بوون.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا

لێکۆڵینەوە لەسەر روداوەکەی سۆران دەستیپێکرد

لێکۆڵینەوە لەسەر روداوەکەی سۆران دەستیپێکرد