تاوانبار بە ئاسانی دەرباز نابێت
كەركوك بە كامێرای چاودێریی زیرەك دادەپۆشرێت
964+
كاروان ساڵحی- كەركوك
بۆ لەمەودوا هەر تاوانێک لە کەرکوک و دەوروبەری ئەنجام بدەیت، بە ئاسانی لەدەست كامێراكانی چاودێریی رزگارت نابێت.
بە مەبەستی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری کەرکوک، ئیدارەی پێشووی شارەکە بڕیاری دابوو بە كڕینی 450 كامێرای زیرەکی جێگیر و جوڵاو بە تێچووی نزیكەی نۆ ملیار دینار، بەشێك لەو پڕۆژەیە ئەنجام دراوە، بەڵام بەهۆی بۆشایی ئیداریی شارەكە پڕۆژەکە راگیراوە و بڕیارە جارێكی دیكە دەستپێبكاتەوە.
ئەندازیار خەبات ئەسعەد راوێژكاری پارێزگای كەركوك بۆ ئاوەدانكردنەوە بە 964ـی وت، “پڕۆژەی دانانی كامێرای چاودێری، پڕۆژەیەكی ئەمنییە بۆ پاراستنی شارەكە بە دانانی 450 كامێرا، هەشت ملیار و 600 ملیون دیناری بۆ تەرخان كراوە بۆ دروستكردنی بینایەكی تایبەت و هێڵی پەیوەندییەكان و كڕینی كامێراكان”.
” 300 كامێرا جێگیر دەبێت و 70 دانەش جوڵاو دەبێت، 80 كامێراش تایبەت دەبێت بە ناسینەوەی ژمارەکان و رووخساری تاوانبار، بە هەمان شێوەی لە وڵاتانی ئێران و توركیا هەیە”، خەبات ئەسعەد وای وت.
پێداچوونەوە: شۆرش قادری