چییان دەکرد لەوێ؟
شەش كەس لە بەلەمێكی نقوومبووی ئیتالی لە بەسڕە رزگار كران
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
تیمەکانی ژێردەریایی لە بەندەری ئوم قەسڕ لە بەسڕە، شەش ئەندامی تیمی بەلەمێكی ئیتالییان رزگار کرد، كە لە ئاوی شەتولعەرەب نقووم بوو.
رووداوەكە ئەمڕۆ یەكشەممە روویدا و سەرچاوەیەک لە فەرماندەیی هێزە دەریاییەکانی عێراق بە 964ی راگەیاند، یەکێک لە بەلەمەکانی هێزی دەریایی (جۆری B 305 ئیتالی) لە کاتی جێبەجێکردنی ئەرکە ئاساییەکانی خۆیدا، کە بریتییە لە گواستنەوەی پێداویستی و کەرەستەی خواردەمەنی بۆ فەرماندەیی دەریایی، نوقم بوو، بەڵام توانرا شەش كەس لە ناو بەلەمەكە لە خنكان رزگار بكرێن.
ئاماژەیان بەوەش كرد، بەلەمەکە پێشتر بۆ ماوەی 10 ساڵ گرێبەستی لەگەڵ كراوە، لە ساڵی 2010 تا 2020، بەڵام ئێستاش ماوەی چوار ساڵە لە كارەكەیدا بەردەوامە.
سەرچاوەكە ئەوەی خستەڕوو، بەلەمەكە بەهۆی كۆنی و بەكارهێنانی زیاد لە رادەی خۆی، تێكشكاوە و نوقم بووە.