تەندروستى عێراق:

تائێستا هیچ حاڵەتێکى توشبوون بە ئاوڵەی مەیمون تۆمار نەکراوە

964+

وریا فەتاح

تەندروستى عێراق لەگەڵ دووپاتکردنەوەى ئەوەى کە هیچ حاڵەتێکى توشبوون بە ئاوڵەی مەیمون تۆمار نەکراوە، رێوشوێنى پێویستیش لە فرۆکەخانە و دەروازە سنوورییەکان و بەندەرەکان دەگرێتەبەر.

ریاز عەبدولئەمیر، بەرێوەبەرى بەشى تەندروستى گشتیى لە وەزارەتى تەندروستى عێراق، بە ئاژانسى دەنگوباسى عێراقى راگەیاندووە، تا ئێستا هیچ تووشبوویەکمان بەم نەخۆشییە تۆمار نەکردووە، و رێوشوێنی خۆپارێزیمان بۆ سەرجەم پارێزگاکان و بەڕێوەبەرایەتییە تەندروستییەکان و کارمەندانی تەندروستی بڵاوکردۆتەوەو ئامادەکاری پێویست کراوە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ هەر حاڵەتێکی گومانلێکراو.

باسى لەوەشکرد، تیمى تەندروستى لە دەروازە سنورییەکان و فرۆکەخانەکان جێگیرکراون بۆ لێکۆڵینەوە لە نەخۆشییەکە و لە ئەگەرى دەرکەوتنى نیشانەکانى توشبوون لە هەر گەشتیارێک.

“ئەگەر گەشتیارێک گومانى نەخۆشییەکەى لێبکرێت، کارمەندانى تەندروستى جیاى دەکەنەوە و پشکنینى بۆ دەکەن”، ریاز عەبدولئەمیر، واى وت.

لاى خۆیەوە سەیف بەدر، وتەبێژى تەندروستى عێراق بە ئاژانسى دەنگوباسى عێراقى وتووە، وەزارەتەکەیان لەگەڵ رێکخراوى تەندروستى جیهانى و سەرجەم لایەنەکانى پەیوەست بە نەخۆشییەکە لەسەر هێڵە و تواناى دەستنیشانکردن و مامەڵەکردنیشیان هەیە لەگەڵ حاڵەتەکانى ئاوڵەى مەیمون.

هۆكارەكانی گواستنەوەی ئاوڵەی مەیمون:

– تێكەڵاوبوونی كەسانی تووشبوو لە ڕێگەی دەستلێدان و كاری سێكسی.
– دەستلێدان لە پێستی كەستی تووشبوو و ماچكردنی.
– دەستلێدان لە دەموچاو لەكاتی قسەكردن یاخود هەناسەدان.
– دەستلێدان لە كەلوپەلی تووشبوو بە ڤایرۆسەكە.
– دەستلێدان لەئاژەڵی تووشبوو لەڕێگەی ڕاوكردن و كەوڵكردن و بەكارهێنانی گۆشتەكەی.

ڤایرۆسی ئاوڵەی مەیموون بۆ یەكەمجار لەساڵی 1958 لە دانیمارك دۆزرایەوە لەناو ئەو مەیموونانەی بۆ مەبەستی تاقیكردنەوەی پزیشكی بەكاردەهێنران، لەساڵی 1970 بۆ یەكەمجار تووشبوونی مرۆڤ بەو ڤایرۆسە لەوڵاتی كۆنگۆ لە ئەفریقا تۆماركرا.

ساڵی 2022 ئاوڵەی مەیمون بەشێوەیەكی كتوپڕ لەسەرتاسەری ئەوروپا و هەردوو كیشوەری ئەمریكای باكور و باشور بڵاوبوەوە و لە 110 وڵاتدا تووشبوونی 87 هەزار كەس و 112 حاڵەتی گیان لەدەستدان تۆماركران.

ئاوڵەى مەیمون چییە؟

تەندروستى جیهانى لەبارەى نەخۆشییەکەوە دەڵێت، ئاوڵەی مەیمون نەخۆشیەكی دەگمەنی ڤایرۆسی گواستراوەیە و لەئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ و هەروەها لەمرۆڤەوە بۆ مرۆڤیش دەگوازرێتەوە.

دیارترین نیشانەی تووشبوون بە ئاوڵەى مەیمون بریتییە لەدەركەوتنی ئاوڵ لەدەموچاو و دواتر گواستنەوەی بۆ بەشەكانی دیكەی و لەسەر منداڵانیش توندتر دەردەکەوێت

مەترسیی هەیە ئاوڵەی مەیموون بچێتە وڵاتە سەلامەتەکانیش

مەترسیی هەیە ئاوڵەی مەیموون بچێتە وڵاتە سەلامەتەکانیش