کۆنتڕۆڵکردنی سنوورەکان

ئێران: بە هەماهەنگی لەگەڵ هەرێمی کوردستان قاچاخی کاڵا کەم بووەتەوە

964+

شۆڕش قادری

فەرماندەی پاسەوانی سنووریی ئێران دەڵێت، بە هەماهەنگی لەگەڵ هەرێمی کوردستان توانیویانە قاچاخی کاڵا لە سەر سنوورەکان کەم بکەنەوە.

ئەحمەد عەلی گودەرزی فەرماندەی پاسەوانی سنووریی ئێران بە ئاژانسی هەواڵی ئیلنای راگەیاندووە، هێنان و بردنی کاڵای قاچاخ لە سەر سنوورەکان بۆ جیاوازی نرخی ئەو کاڵایانە لە ناوخۆی ئێران لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ دەگەڕێتەوە.

سەبارەت بە پرسی کۆڵبەریش، فەرماندەی پاسەوانی سنووریی ئێران دەڵێت، “بەپێی یاسایەکی نوێی پەیوەست بە بازرگانیی سنووریی کە لەم دواییانەدا لە پەرلەمانی ئێران پەسەند کراوە، بازرگانان و خەڵکی سەر سنوور لەڕێی بازاڕچە سنوورییەکان کاڵاکانیان گومرک دەکەن و بە ڕەسمی هاوردەی وڵاتەکەیان دەکەن و بەوپێیەش چیدی کۆڵبەری نامێنێت”.

بە قسەی گودەرزی، “لە بواری بە قاچاخ بردنی چەک، 267 کەس دەستگیرکراون و هەزار و 125 چەکی جۆراوجۆریش دەستیان بەسەردا گیراوە، کە زۆرینەیان لە سنوورەکانی باکووری رۆژئاوا و باشووری رۆژهەڵاتی ئێران، هاوردەی وڵاتەکە کراون، بەڵام بە هەماهەنگی نێوان هێزە ئەمنییەکانی ئێران و هەرێمی کوردستان، دۆخەکە باشتر بووە و قاچاخی کاڵا کەم بووەتەوە”.

دەربارەی ئەو پرسە، 964 پەیوەندی کرد بە نەوزاد شێخ کامیل بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی هەرێم بەڵام وەڵامی پەیوەندییەکەی نەدایەوە.

هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران خاوەنی سێ دەروازەی فەرمییە کە پێکهاتوون لە حاجی ئۆمەران، باشماخ و پەروێزخان لەگەڵ چەندین دەروازەی دیکە کە ئاڵوگۆڕی بازرگانی و هاتوچۆی گەشتیار پیادا دەکرێت.

دەستەی دەروازە سنووریەکانی عێراق: هیچ بارهەڵگرێکی ئەم...

دەستەی دەروازە سنووریەکانی عێراق: هیچ بارهەڵگرێکی ئەمریکی بە قاچاخ نەبراوەتە هەرێم

لەمەوبەدوا باجی گومرگی لە دەروازە سنوورییەکان تەنیا ب...

لەمەوبەدوا باجی گومرگی لە دەروازە سنوورییەکان تەنیا بە دینار وەردەگیرێت