هەندێک کەسایەتی بەناوبانگى جیهان چەپلەرن
ئەمڕۆ رۆژى جیهانى چەپلەرەکانە
964+
وریا فەتاح
ماوەى 48 ساڵە 13ـى ئاب وەک رۆژى جیهانى چەپ دەست یان چەپلەرەکان دیاریکراوە، ئەم ڕۆژە بۆ یەکەمجار لەلایەن Dean R. Campbell، دامەزرێنەری رێکخراوێکی چەپلەرەکان ئاهەنگى بۆ گێردرا و لەو رۆژەوە هەموو ساڵێک چەپلەرەکان یادى دەکەنەوە.
چەپلەر ئەو کەسانەن کە بەشى چەپى جەستەیان زاڵە بەسەر بەشى راستیاندا و بۆ کاروبارى رۆژانەیان چەپ لە جێى راست بەکاردەهێنن، بە دەستى چەپ دەنووسن و بە قاچى چەپ یاریى دەکەن.
لە جیهاندا 12%ـى دانیشتووان چەپلەرن و 87%یان راستەن و 1%ـیش یەکسانن و کێشەى چەپ و راستیان نییە و هەردووکیان بەکاردەهێنن.
هەرچەندە لە رابردوودا تێگەشتنە کولتوورى و ئایینى و کۆمەڵایەتییەکان بۆ کەسە چەپلەرەکان تێگەیشتنێکى نەرێنى بوو، چەپلەرەکان بە چاوێکى کەمەوە سەیر دەکران، بەڵام مێژوو سەلماندى جیاوازى لە نێوانیاندا نییە و بەشێک لە کەسایەتییە گەورە و کاریگەرەکانى جیهان چەپلەرن.
بەپێى توێژینەوەکان، چەپلەرى حاڵەتێکى بۆماوەییە، واتا لە باوک و دایک و باوانەوە ماوەتەوە.
ئەم کەسایەتییە گەورە و گرنگانەى جیهانیش چەپلەرن، مێسى، مارادۆنا، باراک ئۆباما، بیل گەیتس، دەیڤید کامیرۆن، ناپلیۆن، لیۆناردۆ داڤنشی، چارلی چاپلن، مارک زوکەربێرگ، ئەنیشتاین، ئۆپرا و لەیدى گاگا.
یەکەم بینین و تەوقە کردن وێنەی کەسایەتیت لە مێشکی بەرامبەرەکەت دروست دەکات، بەڵام دروستکردنی وێنای کەسایەتییەکی بەهێز لە مێشکی بەرامبەرەکەیان بۆ چەپلەرەکان تۆزێک زەحمەتە، چونکە ناچارن بە دەستی راستە تەوقە بکەن، کە دەستە بێهێزەکەیانە و ناتوانن پیشانی بەرامبەرەکەیان بدەن، کە بە تەواوی متمانەیان بە خۆیانە.