بەهۆی مەرجەکانی شوێنەوارەوە گەڕەکی کریستیانەکانی دهۆک چۆڵ بووە

میدیازان – عەمار عەزیز – دهۆک 

گەڕەکی کریستیانەکانی دهۆک، یەکێکە لە کۆنترین گەڕەکەکانی شارەکە کە مەترسی لەناوچوونی لەسەرە. فەرمانگەی کەلەپور دەڵێ، پارەمان نییە نۆژەنی بکەینەوە.

گەڕەکی کریستیانەکان لە دهۆک، یەکێکە لە کۆنترین گەڕەکەکان و دەکەوێتە ناوەڕاستی شارەکە، مێژووی دروستبوونی دەگەڕێتەوە   بۆ ٢٠٠ تا ٣٠٠ ساڵ پێش ئێستا.

لینۆس عۆدیشۆ، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای دهۆک بە میدیازانی راگەیاند، لەبەر ئەوەی شوێنەواری دهۆک رازی نەبوو دانیشتووانی گەڕەکەکە، خانووەکانیان لەسەر مۆدێلی ئێستا نۆژەن بکەنەوە، ناچار بوون چۆڵی بکەن.

گەڕەکەکە، نزیکەی ٥٠ خێزانی تێدا دەژیا، بە قسەی لینۆس عۆدیشۆ نوێنەری کریستیانەکان لە ئەنجومەنی پارێزگای دهۆک، سەرووی ٩٥٪ـی چۆڵ بووە، وتی “خەڵکەکە ڕازی نەبوون بەمەرجەکەی حکومەت، لە تواناشیان نەبوو لەسەر ئەرکی خۆیان نوژەنی بکەنەوە بۆیە چۆڵیان کرد، ئەمەش وایکردووە مەترسی رووخانیان هەبێت”.

 پەیامنێری میدیازان، سەردانی گەڕەکەکەی کردووە، وەک لە وێنەکان دەردەکەوێت بەشێک لە خانووەکان رووخاون، ئەمەش بووەتە مەترسی لەسەر کەلەپوورو مێژووی کریستیانەکانی دهۆک.

گەڕەکی کریستیانەکان لکە ناوە فەرمییەکەی گەڕەکی ‘شێلێ’یە، لای خەڵکی دهۆکیش بەگەڕەکی ‘فەلان’ ناسراوەو دەکەوێتە سەنتەری دهۆکەوە.

لە دهۆک، سەرووی دوو هەزار ناوچەی شوێنەواری بەفەرمی تۆمارکراون، هەروەها نزیکەی دوو هەزار خانووی شوێنەواریش تۆمار کراون کە هەزارو ٨٠٠ خانوویان دەکەوێتە قەزای ئاکرێ و زیاتر لە ١٠٠ خانووشی دەکەوێتە سەنتەری دهۆک.

“بێکەس بریفکانی، بەڕێوەبەری شوێنەوار؛ گەڕەکەکە ٧٦ خانووی تێدایە، پلان ئەوەیە بیخەینە سەر شوێنەوار بکرێت بە ناوچەیەکی شوێنەواری گەشتیاری”

 بێکەس بریفکانی، بەڕێوەبەری شوێنەوارو کەلەپووری دهۆک بە میدیازانی راگەیاند، گەڕەکەکە ٧٦ خانووی تێدایە، پلان ئەوەیە بیخەینە سەر شوێنەوار، لە هەوڵداین لەگەڵ چەند رێکخراوێکی بیانی قسە بکەین بۆ داڕشتنی ماستەرپلانی نۆژەنکردنەوە، دواتریش بکرێت بە ناوچەیەکی شوێنەواری گەشتیاری.

“دیزاینکردنەوەی گەڕەکەکە کە پێویستی تەنیا ١٥ ملیۆن دینارە، بەڵام هێشتا وەڵاممان نەدراوەتەوە”. ئەمە بریفکانی دەیڵێ.

یاسای بەڕێوەبردن و پاراستنی شوێنەوارو کەلەپور لەهەرێمی کوردستان کە لەساڵی ٢٠٢١ دەرچووە شوێنەواری بەو ماددە گوازراوەو نەگوازراوانە دەناسێنێت کە تەمەنیان لەسەروو ٢٠٠ ساڵەوەیە، کەلەپوریش ئەو ماددە گوازراوەو نەگوازراوانە کە تەمەنی سەروو ١٠٠ ساڵە، ئەمانەش هەردووکی گەڕەکی کریستیانەکان دەگرێتەوە.