20ساڵ هەوڵی داوە

لە دوای لەدەستدانی قاچەکانی گەنجێک فێری مەلەوانی دەبێت

+964

ئاکام غەفوور

قاچەکانی بۆ رۆشتن لەدەستدا، بەڵام نەیکرد بەهۆکارێک بۆ ئەوەی بەهرەمەندی خۆی بەکارنەخات بۆ مەلەکردن، ئەوە چیرۆکی گەنجێکی دانیشتووی ناحیەی باسرمەیە لە شەقڵاوە، ئێستا مەلەوانێکی لێهاتووە.

چیرۆکی ئەو گەنجە تەواو جیاوازە، بە شێوەیەک کە پێش ئەوەی قاچەکانی لە دەست بدات مەلەوانی نەزانیوە و ترسی زۆری هەبووە لە ئاو، بەڵام دوای 20 ساڵ لە کارنەکردنی قاچەکانی، خۆی فێری مەلەوانی کرد و دەڵێت، “تەنیا ئەو کاتەی مەلەوانی دەکەم، هەست دەکەم کەسێکی کەمئەندام نیم”.

سامان عەوڵا، دەڵێت، “ساڵی 2000 بەهۆی رووداوی هاتوچۆ هەردوو قاچم لە دەستدا و بێ تاقەتییەکی زۆر دایگرتووە، بەڵام باوکی رۆژێک سەردانی کردووە و ئامۆژگاری کردووە کە خۆی لەگەڵ بارودۆخەکە بگونجێنێت، ئیتر بڕیار دەدات کە وا بیر نەکاتەوە قاچەکانی لە دەستداوە و وەک کەسێکی ئاسایی هەوڵیداوە ژیانی رۆژانەی دەستپێ بکاتەوە”.

ئەو لە ماوەی مەلەوانیدا و لە کاتی جیاواز توانیویەتی هەشت کیلۆ لە کێشی داببەزێنێت و لە 74 کیلۆوە کێشی لەشی بکات بە 66 کیلۆ، ئەوە لە کاتێکدا دانیشتنی زۆر و وەرزش نەکردن هۆکار بوو بۆ ئەو کێش زۆرییەی.

سامان، سەرەتا لە مەلەوانگەکان خۆی فێری مەلەوانی کرد، دواتر لە گۆم و روبارەکان و زێی قەندیل مەلەوانی کردووە و ترسی لە مەلەکردن شکاوە، کە دەچێتە ناو ئاو هەست بە ئازادی و لەش ساغی تەواو دەکات، کاتێک تەواوی جەستەشی لە ئاودایە هەست بەوە دەکات کە تەواوی ئەندامانی جەستەی کار دەکەن.

لەگەڵ ئەوەی سامان، خاوەن پێداویستی تایبەتە، خێزاندارە و خاوەنی دوو منداڵە و تەمەنی زیاتر لە 35 ساڵە، لە دوای لەدەستدانی قاچەکانی و بوون بە مەلەوانێکی لێهاتوو، بووە بە هیوایەک بۆ خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان و رێکخراوێکی بۆ خزمەتکردنی ئەوانی دیکەش داناوە..

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا

باوکێک دوو کچەکەی فێری مەلەوانی دەکات

باوکێک دوو کچەکەی فێری مەلەوانی دەکات