ڤڕەڤڕی کۆپتەر و گیزەگیزی درۆن ناوەستێت

لە نزیک گوندی دێرێی سەر بە ئامێدی درۆنێک کەوتە خوارەوە

+964

هێڤی دێوالی -دهۆک

دۆخی گوندەکانی نزیک لە ئامێدی باش نییە، لەوەتەی رۆژ هەڵاتووە ڤڕەڤڕی کۆپتەرو گیزەگیزی درۆن لە ناوچەکە نابڕێت، کەمێک پێش ئێستا لە گوندی دێرێ زرمەیەکی گەورە هات و ئاگرکەتووەتەوە، خەڵکەکە دەڵێن درۆن بووە کەوتووەتە خوارەوە.

چەند شایەتحاڵێک کە خۆیان دانیشووی گوندی دێرێن بە پەیامنێری 964یان وت گوێیان لە دەنگێکی گەورە بووە و بینیویانە درۆنێک لەسەر بەرزاییەک کەوتووەتە خوارەوەو دوای ئەوەش ئاگرکەوتووەتەوە و دوکەڵ لەو ناوچەیە بەرزبووەتەوە، گوندی دێرێ سەر بەناحیەی دێرەلوکی ئامێدییە و دانیشتوانەکەی کریستیانن.

خەڵکی گوندەکە ڤیدیۆو وێنەی ئەو دوکەڵەیان بۆ 964 نارد، بەڵام هەندێکیان دەڵێن درۆنی تورکی بووە و پەکەکە خستوویەتیە خوارەوە، هەندێکی تریان دەڵێن درۆنی پەکەکە بووە و تورکیا خستوویەتیە خوارەوە.

ئیلیاس دێرێیی، خەڵکی ئەو گوندەیە بە 964ی وت ”گوێمان لە دەنگێکی بەرزبوو، دوایی بینیمان درۆنە و دەکەوێتە خوارەوە”.

هەر دێرێ نییە، ئەمڕۆ لە گوندی بلاڤە و گوهەرزێ کۆپتەری تورکی دەسوڕێتەوەو بۆردومان دەکات، ئەم دوو گوندە نزیکەی شەش کیلۆمەتر لە دێرێوە دوورن.

زیاد لە دوو شایەتحاڵ لە خەڵکی ناوچەکە بە پەیامنێری 964یان وت کۆپتەر بە ئاسمانی گوندەکانی بلاڤەو گوهەرزێ دەسوڕێنەوەو چەند شوێنێکیان بۆردومان کردووە، ئەم گوندانە سەر بەئامێدین، ئەو ناوچەیەیە کە ماوەیەکی زۆرە تورکیا هێزی بۆ دەهێنێت و دەڵێت شەڕی پەکەکە دەکات.

ئەحمەد گوهەرزێیی، موختاری گوندی گوهەرزێ بە 964ی وت ”لە بەیانییەوە کۆپتەرەکانی سوپای تورکیا چەند جارێک ئاقارەکانی دەورووبەری گوندەکەمانیان بۆردوومان کردووە، ئێستا ئاگر لە خوارووی گوند کەوتووەتەوەو مەترسی لەسەر گوندەکەشمان هەیە”.

موختار ناڕەحەتە لەوەی هیچیان پێ ناکرێت و دەڵێت ”هێزە ئەمنییەکان ناهێڵن گەنجەکانمان بچن ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکەن، دەڵێن مەترسی هەیە، تائێستا ئاگرەکە بەردەوامەو چەند دۆنمێکمان سوتاوە، پێشتریش 300 دۆنم پووش و پەڵاش و داری بەرهەمدارمان لە بۆردوماندا سوتاوە”.

چەند خانوویەكی گوندی مژێ بەهۆی بۆردومانەوە رووخان

چەند خانوویەكی گوندی مژێ بەهۆی بۆردومانەوە رووخان