بە تۆمەتی چی؟

شەش پۆلیسی دارستانی ناحیەی زینانە دەستگیر کران

+964
سیروان خورشید – دوزخورماتوو

شەش پۆلیسی دارستانی ناحیەی زینانە بە بڕیاری دادوەر دەستگیر كراون و لێكۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەكرێت، ئەمە دوای ئەوە دێت شەش مانگ لەمەوبەر راوچییەك لە سنوورەكەیان بە كوژراوی دۆزایەوە و پەنجەی تۆمەت بۆ پۆلیسەكان درێژكراوە.

لە ناحیەی زینانەی ناوچەی داودەی نێوان سنووری دوزخورماتوو – کفری، شەش مانگ لەمەوبەر تەرمی راوچییەک بە کوژراوی لە سنوورەکە دۆزرایەوە و ماوەی ھەفتەیەکە بە بڕیاری دادگای کفری شەش پۆلیسی دارستانی ناحیەکە بە تۆمەتی ئەو رووداوە دەستگیرکراون.

وەھاب ئەحمەد، بەڕێوەبەری ناحیەی زینانە بە964ـی وت، “ماوەی هەفتەیەکە لەلایەن دادگای کفریدەوە شەش پۆلیسی دارستانی ناحیەی زینانە دەستگیرکراون بە تۆمەتی کوشتنی ئەو راوچییەی، کە ماوەی شەش مانگ لەمەوبەر لە نزیک ناوچەکە تەرمەکەی بە کوژراوی دۆزرایەوە، دوای دەستگیرکردنی پۆلیسەکانیش دەست بەسەر ئۆتۆمبێلەکانیشیاندا گیراوە و جگە لەوەش ئیدارەی گەرمیان و بەڕێوبەرایەتیی پۆلیسی دارستانی گەرمیان شوێنگرەوی پۆلیسەکان و ئۆتۆمبێلی بۆ دابین نەکردوون، بۆ ئەوەی بەرپەرچی راوچییەکان بدرێتەوە.

وتیشی، ئەوان ساڵانێکە ناوچەکە لەدەستی راوچییەکان دەپارێزن، بەڵام ئێستا بەھۆی نەبوونی پۆلیسی دارستانەوە، راوچییەکان بە ئارەزووی خۆیان دێنە ناوچەکە، تەنانەت رووبەڕووشمان دەبنەوە و دێن لە سنووری ناحیەکەدا راو دەکەن و لە ماوەی ئەم ھەفتەیەشدا قەتڵ و عامێکی زۆریان بەرامبەر ئاژەڵە کێوییەکان کردووە”.

زینانە لە ساڵی 1997ەوە كراوە بە ناحیە،  لە رووی ئیدارییەوە سەر بە قەزای كفریە و لە رووی جوگرافیشەوە هاوسنوورە لەگەڵ قەزای كفری و قەزای دوزخورماتوو.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا

له‌ عاشووراكه‌ى دوزخورماتوودا زیاتر 200 بریندار گه‌یه...

له‌ عاشووراكه‌ى دوزخورماتوودا زیاتر 200 بریندار گه‌یه‌ندرانه‌ نه‌خۆشخانه‌