پارەیەكی زۆریشی پێبووە
پێنج رۆژە گەنجێکی قەزای پێنجوێن بێسەروشوێنە
+964
کامیار کەمال – پێنجوێن
ماوەی پێنج رۆژە گەنجێکی قەزای پێنجوێن، كە تەمەنی 20 ساڵە، لە ماڵ چووەتە دەرەوە و هیچ سۆراغێکی نییە، كەسوكارەكەی دەڵێن نزیكەی هەشت هەزار دۆلاریشی پێبووە.
سەفین سەرکەوت پورزای گەنجەکە بە 964ی راگەیاند، گەنجەکە ناوی دڵشاد مەحمودە و دانیشتووی گوندی تەڕاتەوەنە لە ناحیەی ناڵپارێزی سەر بە قەزای پێنجوێن، کە چووەتە دەرەوە هیچی نەوتووە و کەسی ئاگادار نەکردووەتەوە.
وتیشی، ئاگادار كراینەوە دڵشاد لە ئاسایشی گشتیی سلێمانی دەستگیر کراوە، بەڵام دوای ئەوەی سۆراغمان کرد، پێیان وتین هیچ کەسێک بەو ناوە لە ئاسایش دەستگیر نەکراوە.
ئەوەشی خستەڕوو، گەنجەکە کاسب بووە و بۆ کاركردن چووەتە پێنجوێن و هیچ کێشەیەکی لەگەڵ دایک و باوکی دا نەبووە و کە چووەتە دەرەوە نزیکەی هەشت هەزار دۆلاریشی پێبووە.
هاوکات محەمەد وەدود، ئەفسەری بنکەی پۆلیسی ناڵپارێز بە 964ی وت، سەرقاڵی سۆراغکردنن تا بزانن ئەو گەنجە بۆ دیار نەماوە و لە هەوڵی ئەوەدان بیدۆزنەوە.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا