نوێنەرى حکومەتى هەرێم لە تاران:

“هەندێک لایەن هەوڵى تێوەگلانى هەرێمى کوردستان دەدەن لە کوشتنى هەنییەدا”

964+

وریا فەتاح

نوێنەرى حکومەتى هەرێم لە تاران ئاشکراى دەکات کە هەندێ لایەن دەیانەوێت هەوڵى تێوەگلانى هەرێمى کوردستان بدەن لە کوشتنى ئیسماعیل هەنییە، دەشڵێت: کوشتنەکە دەبێتە هۆى پەرەسەندنى گرژییەکان.

نوێنەرى حکومەتى هەرێم لە تاران:

هەندێ لا بانگەشەى ئەوە دەکەن کە هەرێمى کوردستانى عێراق رۆڵى هەبووە لە “تیرۆرکردن”ـى ئیسماعیل هەنییە

نازم دەباغ، نوێنەرى حکومەتى هەرێم لە تاران قسەى بۆ ئاژانسى هەواڵى ئێرناى ئێرانى کردووە و لە بارەى کوشتنى ئیسماعیل هەنییە، وەڵامى چەند پرسیارێکى ئاژانسەکەى داوەتەوە.

وەک ئەوەى نازم دەباغ باسى دەکات، هەوڵى هەندێ لایەن هەیە بۆ تێوەگلانى هەرێم لە “تیرۆر”کردنى ئیسماعیل هەنییە، و دەنگۆى ئەوە بڵاودەکەتەوە کە ئەو مووشەكە یان فڕۆکەى بێفڕۆکەوانەى لە “تیرۆر”کردنەکەدا بەکار هاتووە، لە هەرێمى کوردستانەوە هەڵدراوە.

بە وتەى نوێنەرى حکومەتى هەرێم لە تاران، هه ندێک کەس له رێگەی وروژاندنی ئەو جۆرە چەواشەکارییانەوە هەوڵ دەدەن پەیوەندى نێوان تاران و هەولێر گرژ بکەن.

بەڵام وەک دەڵێت، ئەو ئامانجەیان بەدى نایەت پەیوەندى نێوان هەولێر و تاران لە قۆناغێکى پێشکەوتوودایە.

لە بەشێکى دیکەى چاوپێکەوتنەکەیدا، نازم دەباغ ئاماژەى بەوەکردووە “دوژمنان” ناتوانن پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانى نێوان ئێران و هەرێمى کوردستان تێکبدەن، چونکە پەیوەندییەکى باش و دامەزراو لە نێوانیاندا هەیە.

جەختیشى کردووەتەوە کە تیرۆرکردنى هەنییە، ئامانج لێى قوڵکردنەوەى گرژى و پەرەسەندنەکانى ناوچەکەیە.

964 لەسەر ئەو بابەتە قسەى لەگەڵ نازم دەباغ کرد و پرسیارى ئەوەى ئاراستەکرد کە کێن ئەو لایەنانەى دەیانەوێت گرژى بخەنە نێوان هەولێر و تاران و هەوڵى تێوەگلانى هەرێمى کوردستان دەدەن لە کوشتنى هەنییەدا، بەڵام لە وەڵامدا نوێنەرى حکومەتى هەرێم وتى،”ئیزافەیەکى دیکەم نییە”.

بەرەبەیانى چوارشەممەى رابردوو 31.7.2024، ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس، له‌ تارانى پایته‌ختى ئێران كوژراوه‌.

وەک ئەوەى سوپاى پاسداران بڵاوى کردووەتەوە، کارەکە لەلایەن ئیسرائیلەوە داڕێژراوە و جێبەجێکراوە و ئەمەریکا هاوکار و پشتیوانى بووە.

ئاشکراشى کردووە لە لێکۆڵینەوەکانیاندا دەرکەوتووە کە کوشتنەکە بە مووشەکى کورت مەودا کە کێشەکەى 7 کیلۆگرامە لە دەرەوەى ناوچەیەکى شوێنى نیشتەجێبوونى میوانەکان، تەقێنراوە.

"هەنییە بە موشەکى کورت مەودا تیرۆرکراوە"