لوبنان لە لێواری جەنگێکی گەورەدایە و قەرزە دەرەکییەکانیشی خەریکە دەیخنکێنن

+964

ژێوار خدر

لوبنان رۆژانێک بە سویسرای رۆژهەڵات ناودەبرا و ئەمڕۆش بووەتە مەیدانی شەڕی حەماس و ئیسرائیل، رۆژانە مەترسیی جەنگێکی گەورە لەو وڵاتە زیاد دەکات، کۆنترین زانکۆی ئەمریکی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەوێیە، بەڵام ئێستا ئەمریکا و بەریتانیا و وڵآتانی دیکە داوا لە هاووڵاتییەکانیان دەکەن، هەرچی زووە بە نزیکترین تیکتی فڕۆکە وڵاتەکە جێبهێڵن.

پێشتر لوبنان مەڵبەندی شارستانییەت و زانست بووە، بە تایبەت لە رووی ئەدەبی و هونەرییەوە، بەڵام ئیدی لەدوای ئۆکتۆبەری 2019ـەوە بارودۆخەکان گۆڕان و بزووتنەوەی ناڕەزایەتیی دژی دەسەڵات سەری هەڵدا، دواتر هەریەک لە کۆرۆنا و تەقینەوەی بەندەری بەیرووت، دۆخەکەی لە لوبنان زیاتر خراپتر كرد.

دوای چەند ماوەیەکی زۆر لە ناڕەزایەتییەکان لەسەر دابەزینی بەهای دراوەکەی و کاریگەرییەکانی دوای تەقینەوە بەرفراوانەکەی بەندەری بەیرووت، لە ساڵی 2022 حکومەتی وڵاتەکە هەڵوەشایەوە.

ئەمەش رێگەی بە گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران خۆشکرد وردە وردە زیاتر دەسەڵاتی خۆیان جێگیر بکەن، بە تایبەت حیزبوڵڵای لوبنانی، تەنانەت لە هەندێ ناوچە حکومەتی کاربەڕێکەری لوبنان هیچ دەسەڵاتێکی ئەمنی و کارگێڕی نییە.

سیستمی ئابووری لوبنان لە سەرەتای ساڵی 2020 بە تەواوی داڕووخا، ئێستا لە ٪50 دانیشتووانەکەی لەژێر هێڵی هەژارییەوە دەژین. قەرزە دەرەکییەکانی لوبنان هێندە زۆرن خەریکە وڵاتەکە لەنێو ئەو قەرزانەدا دەخنکێت. بانکی جیهانیش ئەو قەیرانە داراییەی لوبنانی بە یەکێک لە هەرە خراپترین قەیرانە داراییەکانی جیهان ناو بردووە لە ناوەڕاستی سەدەی 19یەمەوە.

ئێستا لوبنان ماوەی دوو ساڵە سەرۆکی نییە و حکومەتێکی کاربەڕێکەری هەیە و نەجیب میقاتی سەرپەرشتی دەکات، بەڵام کارەکانی ئەو حکومەتە تەنیا چەند شتێکی کارگێڕیی کەمن و ناتوانێ دەسەڵاتی حکومەتێکی ئاسایی هەبێت.

جگە لە حکومەت هەروەها دامەزراوەیەکی دەستووری کاریگەریشی نییە و بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ، لەلایەن حیزبوڵا، کە پارتێکی سیاسی و گروپی چەکداری شیعەیە لە ساڵی 1982 لە وڵاتی لوبنان دامەزراوە، ئاڕاستە دەکرێت.

لە گرژییەکانی ئەم دواییەی نێوان ئیسرائیل و فەلەستینیشدا، حیزبوڵا چەند جارێک بە موشەک هێرشی کردووەتە سەر ئیسرائیل و ئەمەش تەرازووی سیاسی بۆ وڵاتی لوبنان گۆڕی و بە تایبەتیش دوای ئەوەی رۆژی سێشەممە (30-7-2024)، ئیسرائیل فوئاد شوکری فەرماندەی ژووری ئۆپەراسیۆنەکانی حیزبوڵای لە باشووری بەیرووتی پایتەختی لوبنان کوشت و رۆژێک دوای ئەوەش، ئیسماعیل هەنییە، بەرپرسی مەکتەبی سیاسی بزوتنەوەی حەماس لە تاران کوژرا، بۆ ئەمەش ئێران، بزووتنەوەی حەماس و حیزبوڵڵای لوبنانیش، ئیسرائیلیان بە کوشتنی هەنییە تۆمەتبار کردووە و بەڵێنی سەندنەوەی تۆڵەی ئەو و شوکریان دا.

ئەم گرژیانەی حیزبوڵا، و حەماس و ئێران لەگەڵ ئیسرائیل، وایکردووە زۆربەی وڵاتان باڵیۆزخانەکانیان لە لوبنان بکێشنەوە و ژمارەیەک کۆمپانیای فڕۆکەوانیش گەشتەکانیان بۆ نێو و دەرەوەی لوبنان وەستاندووە.

ئەمریکا و چەندین وڵاتی دیکەش داوا لە هاوڵاتییانی خۆیان دەکەن هەرچی زووە خاکی لوبنان جێبهێلن و کام تیکیتیان دەستکەوت راستەوخۆ بیبڕن و بگەڕێنەوە وڵاتەکانی خۆیان.