دەرکەوتنی دوو شۆفڵ لە کاتی کارکردن لە شەقامی سلێمانی - عەربەت - وێنە: شارەوانیی سلێمانی
قایمقامیەتی دەربەندیخان
هەر پرۆژەیک مۆڵەتی کارکردنی نەبێت ناهێڵن شۆفڵ و حەفارە و بارهەڵگر کاریان بۆ بکات
+964
توانا نەقی
لیژنەکانی زیادەڕەوەی دەربەندیخان ئاگاداری هەموو بارهەڵگر و ئەو شۆفڵ و حەفارانە دەکات کە لەهەر پرۆژەیەک کاردەکەن دەبێت مۆڵەت و رێگەپێدانیان هەبێت ئەگینا ئەوان سزا دەدرێن.
لیژەنەکە دەڵێت، سەرجەم ئەو ئامێر و شۆفڵ و حەفارە و بارهەڵگرانەی کە لەسنووری شارەوانی دەربەندیخان یان دەرەوەی شارەوانی سنووری ئیداری کار دەکەن لەهەر پرۆژەیەک دەبێت مۆڵەتی لایەنی پەیوەندیداری وەگرتبێت و ئاگاداری لیژنەی زیادەڕۆی کردبێت ئەو کاتە دەتوانن کار بکەن.
سلێمان محەمەد قایمقامی دەربەندیخان بە 964ـی وت، کۆمەڵێک خەڵکی بازرگان مامەڵە دەکەن بۆ وەرگرتنی زەوی بۆ پرۆژە بەتایبەت پرۆژەی گەشتیاری لەسەر رووباری سیروان، ئەوانە پێش ئەوەی مامەڵەیان کردبێت و رێگەپێدانیان هەبێت بەو ئامێرانە دەست دەکەن بە زیادەڕۆیی و داگیرکردنی زەوی دیکە.
وتیشی، مەبەستمانە رێگری بکەین لەو خەڵکانە و سەرمایەدار و کۆماپانیاکان و دەستدرێژی نەکرێتە سەر موڵکی گشتی و دەبێت ئەو زەویانە لە رێگەی موساتەحە و موزایدەوە بەدەستی بهێنن، بۆیە رێگری دەکەین لەهەر ئامێر و بارهەڵگرێک کە بۆ ئەو کەسانە کار بکات تاوەکو رێگەپێدانیان پێ نەبێت.
قایمقام ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو کەسانە دەیانەوێت پێش ئەوە مامەڵەکانیان تەواو کردبێت و رێکارە یاساییەکانیان وەرگرتبێت دەستکەن بەکارکاردن و ئەوەش بە تەجاوز و زیادەڕۆیی دادەنرێت بۆیە چیتر ناهێڵن ئامێر و بارهەڵگرەکان کاریان بۆ بکەن.
رێگەپێدان واتە ئەگەر پرۆژەکە گەشتیاری بوو دەبێت مۆڵەت و رێگەپێدانی گەشتوگوزاریان پێبێت، ئەگەر خزمەتگوزاری بوو دەبێت هی شارەوانیان پێبێت ئەگەریش دارایی بوو دەبێت هی وەزارەتی داراییان پێبێت، قایمقامی دەربەندیخان وای وت.