دەست و چاوی بریندارەو باش نابینێت

گولـلە هاوەنێک بەشوانێکدا تەقیەوەو لە شوێنەکە دانەیەکی دیکەش دۆزراوەتەوە

964+

گۆڤەند فەتاح – کۆیە

لە کۆیە مێردمنداڵێک دەستکاری گولـلە هاوەنی کردووەو پیایدا تەقیوەتەوە، دەست و چاوی بریندارە، بەڵام حاڵی زۆر خراپ نییە.

رووداوەکە بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە 03.08.2024 روویداوە، ئەو مێردمنداڵە ناوی عەبدولرەحمان عەبدولخالقە و تەمەنی 12 ساڵانە، لە خێزانە رەوەندەکانە، لەوکاتەی شوانی مەروماڵات بووە گولـلە هاوەنەکەی بینیوەتەوە و دەستکاری کردووە، پیایدا تەقیوەتەوە.

نەشئەت محەمەد، یاریدەدەری پزیشک لە بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی شەهید د. خالید لە کۆیە، بە 964ی وت ”دەستەکانی بریندار بووە و زیان بەرچاویشی کەوتووە و خراپ دەبینێت، دوای فریاگوزاری سەرەتایی، رەوانەی شاری هەولێرمان کرد”.

ئەو شوێنەی گولـلە هاوەنەکەی لێ بووە لە نزیک بارەگاکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانە لە کۆیە، لەو شوێنەی پێی دەڵێن ”قەڵای دیموکرات”، کاتێک ئاسایش چوون دەبینن جگە لەوەی تەقیوەتەوە، گولـلە هاوەنێکی دیکەش هەیە هەڵیانگرتووەتەوە.

ئارام یاسین ئەفسەر لە راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی رۆژهەڵاتی هەولێر، بە 964ی وت ”گولـلە هەوەن بە شوانەکەدا تەقیەوەتەوە، ئەو دانەیەو ئەوەی دیکەش کە دۆزراوەتەوە هی سەردەمی سوپاکەی سەدام حوسێن بوون”.

پێداچوونەوە: ژووری هەواڵ

رەحمان بەهۆی

رەحمان بەهۆی "تەقینەوەی مین" هێز و زۆربەی جەستەی لەدەستداوە