مەرج و رێكاری نوێ هەیە
وەزارەتی شارەوانی دەڵێت كێشەی موڵكە بەكرێدراوەكانمان چارەسەر كرد
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێم دەڵێت، گرفتی موڵكە بەكرێدراوەكانی چارەسەر كردووە و رێنمایی نوێی دەركردووە.
وەزارەتەكە ئەمڕۆ پێنجشەممە 1.8.2024 لە راگەیاندراوێكدا ئاماژە بەوە دەكات، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان مەسرور بارزانی، مەرج و رێكارەكانی تایبەت بە چارەسەركردنی گرفتەكانی موڵكە بەكرێدراوەكان لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری پەسەند كرد، كە دەبێتە هۆی ئاسانكاریی زیاتر بۆ ئەو خاوەنكارانەی كرێگرتەی موڵكی شارەوانین یان ئەوانەی دەیانەوێت لە داهاتوودا ببنە كرێگرتە.
راگەیاندراوەكە باسی ئەوەشی كردووە، رۆژی 28.7،2024 بە نووسراوی فەرمیی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ساسان عەونی، ژمارە 752، گشتاندن بۆ دەستەی گەشتوگوزار و هەموو بەڕێوەبەرایەتییە گشتی و سەرۆكایەتیی شارەوانییەكان و بەڕێوەبەرایەتیی نەخشەدانانی ئاوەدانیی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان كراوە، تا ئەو مەرج و رێكارە نوێیانە پەیڕەو بكرێت، كە ئامانج لێی چارەسەركردنی گرفتە كەڵەكەبووەكانە، كە لە ماوەی ساڵانی رابردوودا دووچاری موڵكەكانی شارەوانی بووەتەوە.
وەزارەتی شارەوانی وردەكاری كێشەكان و هەروەها مەرج و رێكارە نوێیەكانی باس نەكردووە، بەڵام ئاماژە بەوە دەكەن “بەم رێكارە دەتواندرێت چارەسەری گرفتەكان بكرێت و كرێگرتەكان سوودمەند دەبن”.