"30 سەر قازی خنکاندم"

چەقەڵ مشتیان لە ماسی و قازی گوندێکی چیای ئاسۆس خۆشکردووە

964+
محەمەد عەلی – پشدەر

تیمێکی 964 کەوتنەڕێ، دوای ئەوەی زانیاری هەبوو لە گوندی ناودەشتانی چیای ئاسۆس لە پشدەر، باس باسی چەقەڵە کە تۆمەتبارە بە خواردنی ماسی و قاز و کوشتنی پەلەوەرەکانیان، تا دێت ژمارەشیان زیاتر دەبێت.

بۆ خۆپاراستن لێیان، گوندنشینەکان، سەگیان بەدیار حەوزە ماسییەکان داناوە و سیاجی شوێنی مانەوەی پەلەوەرەکانییان کردووە، بەڵام هێشتا نەبووە بە هۆکاری ئەوەی لێیان دوور بکەونەوە.

چەقەڵ بەوە ناسراوە، ئاژەڵێکی چاو چنۆکە، کاتێک دەچێتەوە ناو کولانەی پەلەوەرانەوە سەرجەمیان دەخنکێنێت و تەنیا دانەیەکیان دەخوات، لە کاتێکدا بەشێک لە دانیشتووانی گوندەکە بژێوییان لەسەر حەوزی ماسیی و پەلەوەرە و کاری کشتوکاڵی ناکەن، زیانێکی زۆریان پێ گەیشتووە.

لە بناری چیای ئاسۆس لە پشدەر 20 گوند هەن، گوندەکانی دیکەش حاڵیان لەوان باشتر نیە، بەڵام تەماحی چەقەڵەکان بۆ ماسی وایکردووە زیاتر روو لە گوندی ناودەشت بکەن کە 120 ماڵی تێدایە، تائێستا بە دیاری کراوی نازانرێت ژمارەی چەقەڵەکان چەندە، بەڵام خەڵکی گوند ئەم ماوەیە زیاتر دەیانبینن.

کوشتنی چەقەڵ سزایی یاسایی لەسەرە، بۆ کوشتنی یەک ئاژەڵی چەقەڵ 150 تا 500 هەزار دینار سزای ئەو کەسە دەدرێ کە تۆمەتەکەی بەسەردا ساغ دەبێتەوە، پۆلیس بەرگری لەم رێکارە دەکات و بە هەمەچەشنی ژینگەکەی وەسف دەکات، لە کاتێکدا هەر بە خواردنی ماسی و پەلەوەرەکانەوە نەوەستاون و هەندێک جار بە بەردانەی عەلەفی زۆر، ماسیی ناو حەوزەکانیان تووشی نەخۆشی و مرداربوونەوە کردووە.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا

هاوڵاتييەک بانگەوازی ئەوە دەکات چارەسەری سەرئێشەی دۆز...

هاوڵاتييەک بانگەوازی ئەوە دەکات چارەسەری سەرئێشەی دۆزیوەتەوە