بەدواداچوون کراوە

بنکە گەشتیارییەکانی کوردستان لە جیاتی موزیكی کوردی سەرقاڵی موزیکی بیانین

964+
ئەحمەد مستەفا

بەدواداچوون کراوە و دەرکەوتووە، “لە بنکە گەشتیارییەکان زیاتر میوزیکی بیانی لێ دەدرێت و وێنەی هونەرمەندی بیانی نمایشدەکرێ، لە جیاتی میوزیک و هونەرمەندی هەرێمی کوردستان”.

ئەمە وایکردووە، سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزار وا لێ بکات، “داوا لە بنکە گەشتیارییەکان بکات میوزیک و گۆرانی کوردی پەخش بکەن و تابلۆی هونەرمەندانی کوردستان نمایش بکەن”.

هۆکاری ئەو داواکارییەی بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە، “موزیک و تابلۆ رۆڵێکی بەرچاو دەگێڕن لە ناساندنی بەهاکانی نەتەوە و فەرهەنگ و دابونەریتی وڵاتێک بە گەشتیاران”.

لە بڵاوکراوەیەکدا و لە هەژماری خۆی، ئەمەل جەلال سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزار ئەوەشی وتووە، “گەشتوگوزار بۆ هەرێمی کوردستان سەرەڕای بایەخە ئابوورییەکەی، رەهەندێکی نیشتمانشی هەیە و ئامرازێکی بەهێزە بۆ ئاشناکردنی گەشتیاران بە مێژوو، شووناس، فەرهەنگ و کولتووری کوردستان”.

“موزیک، بە ریتمی ناوازە و هۆنراوە و ئاوازی رەسەنی کوردییەوە، دەکرێت ببێتە پردێک بۆ بەیەکەوە بەستنەوەی رۆحیەت و هەستی گەشتیاران بە کوردستان و ئەزموونێکی لەبیرنەکراو لای گەشتیاران تۆمار بکات، لە بەرامبەردا تابلۆکان بە شێوەیەکی بینراو نوێنەرایەتی دیمەنە سرووشتیە دڵڕفێنەکانی وڵات و رووداوە مێژووییەکان و شوێنەوارە دێرینەکان دەکەن”، ئەمەل جەلال وای نوسیووە.

ئەوەشی وتووە، “بەڵام ئەوەی جێگەی داخ و هەڵوەستە لەسەرکردنە، دوای بەدواداچوون بۆمان دەرکەووتوە کە زۆرینەی بنکە گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستان زیاتر موزیکی بیانی پەخش دەکەن، کە ئەوەش یەکناگرێتەوە لەگەڵ ئامانجی ستراتیژیمان کە پاراستنی شووناس و فەرهەنگی نەتەوەیمانە”.

دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم و عێراق لەسەر چەند پرسێک رێکک...

دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم و عێراق لەسەر چەند پرسێک رێککەوتن