لەوێ سروشت تووڕەیە

كالیفۆرنیا هاوشێوەی كوردستان دەسووتێت 

+964
ئەرسەلان عەبدوڵا

سووتانی رەز و باخ و دارستانەكان هەر لە كوردستان نییە و ئەوەتا لە ئەمریكا و لە ویلایەتی كالیفۆڕنیاش ئاگرێكی گەورە تەڕ و وشك بەیەكەوە دەسووتێنێت.

ئەگەر لە كوردستان بەهۆی شەڕی توركیا رەز و باخ و زەوی و دارستانەكان دەسووتێن، ئەوە لە ئەمریكا سروشت تووڕەیە و بە خێرایی خۆی  و دارستانەكان دەسووتێنێت.
دەسەڵاتدارانی ئەمریکا ئەمڕۆ یەکشەممە 28.7.2024 رایانگەیاند ئەو ئاگرەی کە ماوەی سێ رۆژە لە باکووری کالیفۆرنیا هەڵگیرساوە، بووەتە یەکێک لە گەورەترین ئاگرکەوتنەوەکان کە تا ئێستا لە مێژووی ویلایەتەکەدا تۆمار کراوە.

ئاژانسی ویلایەتی کالفایەر رایگەیاندووە، ئاگری پارک فایەر، چڕتڕین ئاگرکەوتنەوەی سروشتییە، کە لەم هاوینەدا کالیفۆرنیای گرتووەتەوە، بە جۆرێك تا درەنگانی بەیانی شەممە نزیکەی 142 هەزار هێکتار زەوی سووتاندووە، ئەمەش بووەتە حەوتەمین گەورەترین ئاگر لە مێژووی ویلایەتەكەدا.

ئاگرەکە کە زیاتر لە چوار هەزار کەسی ناچار کرد ماڵەکانیان چۆڵ بکەن، لە ناوچەیەکی گوندنشین و شاخاوی نزیک شارۆچکە بچووکەکەی چیکۆ كەوتووەتەوە، کە نزیکەی 145 کیلۆمەتر لە باکووری شاری ساکرامنتۆی پایتەختی ویلایەتەکە دوورە.

ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەش کردوە، “ئێستاش بارودۆخی سەختی ئەم ئاگرکەوتنەوە ئاڵنگارییەكی گەورەیە بۆ تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە، ئێستاش تەنیا بە رێژەی 0% کۆنتڕۆڵ کراوە”، سەرەڕای هەوڵی نزیکەی 2500 کەس و زیاتر لە دە هەلیکۆپتەر و ژمارەیەک فڕۆکە.

ئێوارەی رۆژی هەینیی رابردوو، گاوین نیوزۆم، حاکمی ویلایەتی کالیفۆرنیا، باری نائاسایی لە دوو پارێزگادا راگەیاند، کە بەهۆی ئاگرکەوە مەترسییان لەسەرە، بە ئامانجی خێراکردنی کردەوەکانی دەسەڵاتداران.

شارۆچکەی چیکۆ نزیکەی 20 کم لە رۆژئاوای شارۆچکەی پارادیسەوە دوورە، کە لە ساڵی 2018 بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانی وێران بوو، تێیدا 85 کەسیش گیانیان لەدەست دا، هەروەها کوشندەترین ئاگرکەوتنەوە بوو لە مێژووی ویلایەتی کالیفۆرنیادا.

ئێستاش ناوچەکە لە حاڵەتی ئامادەباشیدایە و دانیشتووانەکەی خۆیان بۆ هەر ئەگەرێک ئامادە دەکەن.