نۆژەنکردنەوەى پردێک لە سنوورى شەقڵاوە...وێنە: پاراستن و رێگاوبانى هەولێر
هەر پردێک زیاتر لە 10 ملیۆن دینارى پێویستە بۆ نۆژەنکردنەوە
لە سنوورى هەولێر چوار پردى ئاسن هەیە
وریا فەتاح
لە سنوورى بەرێوەبەرایەتی چاککردنەوەو پاراستنی رێگاوبانی ھەولێر، چوار پردى ئاسن هەیە، هەر پردێکیش ساڵانە دەبێت دوو جار نۆژەن بکرێتەوە و لانى کەمیش بۆ هەر جارێک 10 ملیۆن دینارى پێویستە.
بەڕێوەبەرایەتى چاککردنەوە و پاراستنى رێگاوبانى هەولێر، هەردوو پردى پیروەرمان یەک و پیروەرمان دوو، کە دەکەوێتە رێگای سەرەکی شێخ توراب لە سنوورى هەریر و شەقڵاوە، نۆژەن کردەوە.
کارەکانى نۆژەنکردنەوەکە، گۆڕینی پلێت و رۆدەکان و ستوونەکان و توندکردنەوەی بوڕغیەکانی پارچەکانی پردەکان بووە و بۆیاغیش کراونەتەوە.
لەبارەى پردە ئاسنەکانەوە، 964 قسەى لەگەڵ نەژاد خدر، سەرۆکى دەستەى چاککردنەوەى پردەکانى پارێزگاى هەولێر کرد، ئەو وتى، لە سنوورى بەڕێوەبەرایەتییەکەیان 33 پردى ئاسن و کۆنکرێتیان هەیە کە چواریان ئاسنن، ئاسنەکان ئەرکیان قورسە و ساڵى دوو جار پێویستیان بە نۆژەنکردنەوەیە.
وەک باسى دەکات، هەر پردێک بۆ هەر جارێکى نۆژەنکردنەوە لانیکەم پێویستى بە 10 ملیۆن دینارە بۆ نۆژەنکردنەوە، ئەگەر پلێتەکانى تێکچووبێت تێچووەکە زۆر زیاتر دەبێت.
پردەکانى سنوورى بەڕێوەبەرایەتى چاککردنەوە و پاراستنى رێگاوبانى هەولێر، پردى ناوشارەکان ناگرێتەوە، بەڵکو تەنیا ئەو پردانە دەگرێتەوە کە دەکەونە دەرەوەى سنوورى شارەوانى.