گەندەڵی گەیشتە فۆڕمی ئۆنلاینی دەرهێنانی مۆڵەتی شۆفێریش

964+

دیلان محەمەد – سلێمانی

بە پێی بەدواداچوونێکی تۆڕی964، لە بەردەم بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی پارێزگای سلێمانی کڕین و فرۆشتن بەو فۆڕمەوە دەکرێت، کە پێویستە هاوڵاتییان بۆ دەرهێنان و نوێکردنەوەی مۆڵەتی شۆفێری پێشتر پڕی بکەنەوە.

ھاوڵاتییەک کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بە تۆڕی964ـی وت: شەوانە کاتێک لینکی نۆرەگرتن بۆ بەشی مۆڵەت دەکرێتەوە تەنیا حەوت خولەک بەردەستە و هەموو کەس فریای پڕکردنەوەی ناکەوێت.

وتیشی: “لەبەردەم بەڕێوەبەرایەتی ھاتوچۆی سلێمانی کەسێک بە پارە ئەو فۆڕمە بۆ ھاوڵاتییان پڕ دەکاتەوە و پێیان دەدات”.

964 دەزانێت، فۆڕمەکە بە 10 هەزار دینار دەفرۆشرێت.

سیستمەکە چەند هەفتەیەکە خراوەتەکار، دەبێت هاوڵاتی 24 کاتژمێر بەر لە سەردانکردنی بۆ بەڕێوەبەرایەتییەکە فۆڕمە ئۆنلاینەکە پڕ بکاتەوە و ئەو کۆدە بباتەوە کە وەری دەگرێت.

شیلان عوسمان، بەرپرسی بەشی مۆڵەت لە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی 964ـی وت: 70%ـی ئەو هاوڵاتییانەی سەردانمان دەکەن لە پڕۆسەکە رازین.

“رۆژی دووشەممە کەسێک هاتووەتە لام و پێی وتم لە دەرەوە کەسێک ھەیە بە پارە فۆڕم بۆ پڕ دەکاتەوە، چوومە بەر دەرگای بەڕێوەبەرایەتی ھاتووچۆی سلێمانی، بەڵام نەماندۆزییەوە”، شیلان عوسمان وای وت.

سیستمە ئۆنلاینەکەی دەرهێنانی مۆڵەت رۆژانە مامەڵەی 350 هاوڵاتی وەردەگرێت.

پەیامنێری تۆڕی 964 چووە ئەو بازاڕەی بەردەم بەڕێوەبەرایەتی ھاتوچۆی سلێمانی و زۆر گەڕا بە دوای ئەو کەسەدا و نەیدۆزییەوە، بەڵام چەند کاسبکارێکیش لەو ناوە رایانگەیاند: ئەو کەسە لەوێ بووە، بەڵام دواتر ئەوێی بەجێ ھێشتووە و رۆژانە دوای فرۆشتنی چەند فۆرمێک دەڕوات.