قادر ئەسعەد وادەڵێ
“ئەزموون واتلێدەکات درەنگ بڕیار بدەیت”
+964
پەری ساڵح
هونەرمەند قادر ئەسعەد پاش نزیکەی 4 مانگ لە بڵاوکردنەوەی لاوک و حەیرانی “تەیراوە”، بەمزووانە لەگەڵ رۆژ کەریم بەرهەمێکی نوێ بڵاودەکاتەوە و دەشڵێت، ئەزموونت زیاتر بێت بڕیاردان قورسە.
ئەم هەفتەیە لە هەژماری خۆیەوە قادر ئەسعەد وێنە و ڤیدیۆییەکی لەگەڵ هونەرمەند رۆژ کەریم بڵاوکردەوە و رایگەیاند بە نیازی کارێکی هونەری نوێن پێکەوە، كارەكە نوێیەكە گۆرانییەكە لە ئاواز و موزیکی رۆژ و مازیار فایەقیش تێكستەكەی نووسیوە.
964 پەیوەندی بە قادر ئەسعەدەوە كرد و پێی وتین، “بڕیارمانداوە کارەکە بەیەكەوە بكەین، بەڵام هێشتا رێكنەکەوتووین بە تەواوی لە گفتوگۆداین، چونکە ئەزموونی زۆر لە ژیان واتلێدەکات درەنگتر بڕیار لەسەر شتەکان بدەیت”
قادر ئەسعەد ماوەی دوو ساڵە زوو زوو دەگەڕێتەوە کوردستان و خۆی لە سوێد نیشتەجێیە، یەکەم ئەلبومی لە ساڵی 1985 بەناوی “ژاڵە” بڵاوکردووەتەوە، خاوەنی کۆمپانیای “قادر ئەسعەد پڕۆدەکشنە”، جگە لە گۆرانیوتن ئاوازدانەر و هۆنراوەنووسیشە.