داوای کەسوکاری دەکرێت
پۆلیسی هەڵەبجە ئێسک و پروسکی سەربازێکی عێراقی دۆزییەوە
964+
ژووری هەواڵ
پۆلیسی هەڵەبجە ئێسک و پروسکی سەربازێکی عێراقی دۆزیوەتەوە و داوا لە کەسوکاری دەکات سەردان بکەن بۆ وەرگرتنەوەی.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 25.7.2024، بەرزان عوسمان، وتەبێژی پۆلیسی هەڵەبجە بە 964ـی وت، هۆکار و مێژووی گیانلەدەستدانی سەربازەکە نازانن و لەبارەی شوێنی دۆزینەوەکەشی وتی، “لە پارێزگای هەڵەبجە دۆزراوەتەوە”، وەک ئاماژەیەک بۆ ئەوەی کە نایانەوێت شوێنی دۆزینەوەکەی ئاشکرا بکەن.
ئێسک و پروسکی سەربازەکە براوەتە پزیشکی دادی هەڵەبجە و بە مەدالیایەکدا کە ناو و یەکە سەربازییەکەی لەسەرە، زانراوە کە سەربازی عێراقییە.
لەسەر مەدالیاکە ناو، یەکەی سەربازی و جۆری خوێنی سەربازەکە و ئاینەکەی نوسراوە و تێیدا هاتووە، “ع نجم عبد حمادی، الدین مسلم، الوحدە/4113”.
“داوا لە کەسوکاری دەکەین سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی پولیسی پارێزگای هەڵەبجە بکات یان پەیوەندی بکەن بەم ژمارە تەلەفونەوە: 07701519645، بەمەبەستی کاری یاسای وەرگرتەنەوەی ئێسک و پروسکی ناوبراو”.