5 مانگ‌ ئاماده‌كارى بۆ ده‌كه‌ن

بیاره‌ ده‌خرێته‌ ناو پێشبڕكێى باشترین گوندى گه‌شتیاری لە جیهاندا

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

گه‌شتوگوزارى هه‌ڵه‌بجه،‌ كار له‌سه‌ر پڕۆژه‌یه‌ك ده‌كات كه‌ بیاره‌ وه‌ك گوندێكى گه‌شتیاری له‌ جیهاندا ناسنامه‌ به‌ده‌ستبهێنێت و به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى گه‌شتوگوزاریش ده‌ڵێت ئاماده‌كارى بۆ ئه‌م بردنه‌وه‌یه‌ ده‌كه‌ن.

پێشبڕكێكه‌ له‌سه‌ر پێشنیاری نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان ئه‌نجام ده‌درێت كه‌ ماوه‌ى سێ ساڵه‌ ئه‌و پڕۆژه‌ جێبه‌جێ ده‌كات و له‌و ماوه‌یه‌دا له‌ 100 وڵاتى جیاوازه‌وه‌ 600 داواكارى به‌شداربوون له‌م پێشبڕكێیه‌ى بۆ هاتووه‌.

چیا قاسم، بەڕێوەبەری گشتی گەشتوگوزاری هەڵەبجە، بۆ 964 باس له‌ سه‌ردانى شاندێكی گه‌شتوگوزارى عێراق ده‌كات بۆ هه‌ڵه‌بجه‌ كه‌ ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر هاتبوون، ئه‌وكات پێشنیاری بیاره‌یان بۆ ده‌كات كه‌ بخرێته‌ پێشبڕكێی گوندى گه‌شتیاری جیهان.

ده‌ڵێت “یه‌كه‌مجار ئه‌و پێشنیاره‌یان به‌دڵ نه‌بوو، به‌ڵام دواتر كه‌ وێنه‌ و ڤیدیۆ و داتا و زانیارییه‌كانمان بۆ ناردن چه‌ند رۆژێك له‌مه‌وبه‌ر سه‌ردانیان كردینه‌وه‌ و به‌یه‌كه‌وه‌ چووینه‌ بیاره‌”.

باس له‌وه‌ده‌كات شانده‌كه‌ى ده‌سته‌ى گه‌شتوگوزارى عێراق سه‌ره‌نجی ته‌واویان خستبووه‌ سه‌ر بیاره‌ كه‌ پێویسته‌ بخرێته‌ ناو ئه‌م پێشبڕكێیه‌وه‌ و ناسنامه‌كه‌ به‌ده‌ست بهێنێت.

چیا ده‌ڵێت “رۆژى 31.12.2024 پێشبڕكێیە نێوده‌وڵه‌تییه‌كه‌ ئه‌نجام ده‌درێت و ئێمه‌ش له‌ماوه‌ى ئه‌و پێنج مانگه‌ ئاماده‌كارى زیاتر ده‌كه‌ین بۆ ئەوەی به‌ ئاسانى ناسنامه‌كه‌ بۆ بیاره‌ ببه‌ینه‌وه‌”.

هه‌ریه‌ك له‌ بەڕێوەبەرایه‌تی گشتی رۆشنبیری هەڵەبجە و ناحیەی بیارە و بەڕێوبەرایه‌تییه‌كانی شوێنەوار و ژینگە و سەرۆکی شارەوانی و کشتوکاڵ و ئەنجومەنی بیارە و سەرپەرشتیاری خانەقای بیارە هه‌موویان به‌یه‌كه‌وه‌ له‌گه‌ڵ گه‌شتوگوزارى هه‌ڵه‌بجه‌ كار بۆ سه‌رخستنى بیاره‌ له‌م پێشبڕكێیه‌دا ده‌كه‌ن.

هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ نوقڵ و دابه‌شكردنى عه‌لاگه‌ پێشواز...

هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ نوقڵ و دابه‌شكردنى عه‌لاگه‌ پێشوازى له‌ گه‌شتیاران كرد