دانیان بە ئەنجامدانی "کردەوەی تیرۆرستی" ناوە
21 چەکداری داعش کە دووانیان سەرکردەن دەستگیرکران
964+
ئەحمەد مستەفا
دەزگای ئاسایشی نیشتیمانی عێراق دەڵێت، لە هەماهەنگییەکی ئاست بەرزدا، بە هاوکاری دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان 21 چەکداری داعش-یان لە سنووری پارێزگای سلێمانی دەستگیرکردووە.
دەزگاکە ئەوەی ئاشکراکردووە، لە رێگەی هەوڵە هەواڵگرییەکان و بەدواداچوونی مەیدانی کە بۆ چەند مانگێک بەردەوام بووە، هەروەها دوای بەدەستهێنانی رەزامەندی دادوەری، شانەی دژە تیرۆر لە دەزگاکەمان، بە هاوبەشی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئۆپراسیۆنەکانی ئاسایش لە هەرێمی کوردستان، توانیان هەڵبکێشێتە سەر حەشارگەکانی چەکدارانی داعش.
لەو راگەیەندراوەدا کە ئەمڕۆ دووشەممە بڵاویکردووەتەوە ئاماژەی بەوەشکردووە، “لە ئۆپراسیۆنەکەدا ئەندامانی باندێکی تیرۆریستی، کە ژمارەیان 21 تۆمەتبار بووە، بە ماددەی تیرۆر لە پارێزگای سلێمانی فەرمانی دەستگیرکردنیان هەبووە و لە نێویاندا دوو سەرکردەی رێکخراوی تیرۆریستی داعش هەبوو دەستگیرکراون”.
بە گوێرەی دەزگاکە، یەکێکیان لەوانەی کە دەستگیرکراوە، وەک بەرپرسی ئەمنی (پارێزگای فەللوجە)ی ویلایەتە کاری کردووە، ئەوی دیکەیان وەک یاریدەدەری کارگێڕی (پارێزگای تەجریس)ی ویلایەتەکە کاری کردووە.، “دوای ئەوەی لێکۆڵینەوە لەگەڵیان ئەنجامدرا، بەڕاشکاوی دانیان بەوەدا ناوە کە سەر بە چەکدارانی داعشن و چەندین ئۆپەراسیۆنی تیرۆریستییان لەدژی هێزە ئەمنییەکان ئەنجامداوە”.