بێ بەرامبەر
رزگاربووانى دەستى داعش کوێیان بوێت دەتوانن لێى بخوێنن
964+
وریا فەتاح
وەزارەتى پەروەردە بڕیاریدا، رزگاربووانى دەستى داعش، ئەوانەى ناویان لە لیستى رزگاربووان تۆمارکراوە و لە خوێندن دابڕاون، ئاسانکارى تەواویان بۆ بکرێت بۆ گەڕانەوە بۆ خوێندن و کوێیان بوێت دەتوانن بێ بەرامبەر لێى بخوێنن.
بەپێى فەرمانێکى وزارى کە ئەمڕۆ پێنجشەممە 18.4.2024 دەرچووە و واژۆى ئالان حەمە سەعید، وەزیرى پەروەردەى كوردسالتی لەسەرە، تێیدا هاتووە؛
1- پێویستە بەڕێوەبەرایەتیى گشتیى پەروەردەى پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان سەرپەرشتى لیژنەیەکى تایبەتمەند بەو بوارە بکەن بە تایبەتیش لە سنوورى پارێزگاى دهۆک و ئیدارەى سەربەخۆى زاخۆ.
2- تەواوى دەسەڵاتەکان بۆ دەرکردن لە مەرجەکانى تەمەن دەبەخشین بە بەڕێوەبەرى گشتیى پەروەردەى پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان.
3- رزگاربوانى ئاماژەپێکراو، ئەگەر دەرچووى پۆلى نۆیەمى بنەڕەتى بوون، لە تەواوى مەرجەکانى وەرگرتن لە پەیمانگە حکومییەکانى سەر بە وەزارەتى پەروەردە دەبەخشرێن، واتا بێ هیچ مەرجێک لە پەیمانگە حکومییەکان وەردەگیرێن و هەر پەیمانگەیەکیان هەڵبژارد دەتوانن بەردەوامى بدەن بە پڕۆسەى خوێندن.
4- رزگاربووانى دەستى داعش ئەگەر دەرچوونى نۆى بنەڕەتى بوون، لە پەیمانگا ناحکومییەکان (ئەهلى)یەکانى سەر بە وەزارەتى پەروەردە وەردەگیرێن بێ بەرامبەر بۆ هەموو ساڵەکانى خوێندن، پێویستە بەڕێوەبەرایەتیى خوێندنگە و پەیمانگە ناحکومییەکان لە وەزارەت دابەشکارییەکى دادپەروەرانە بکات لە نێوان پەیمانگەکانى ناحکومى و ئەو کورسییانەى بۆ ئەو رزگاربوانە تەرخان دەکرێت لە پەیمانگە ناحکومییەکان لەسەر ئەژمارى ئەو کورسییانە دەبێت، کە شایستەى خۆیانە و لیژنە بۆیان دیاریى دەکات ساڵانە و هیچ کورسییەکى خۆیان کەمناکریتەوە.
5- پێشکەشکردن بۆ پەیمانگە حکومى و ناحکومییەکان بە گوێرەى ئەو لیستەى رزگاربووان دەبێت، کە وەزارەتى پەروەردە لە لایەنى پەیوەندیدارى حکومى وەریگرتووە.
6- ئەم فەرمانە لە رۆژى دەرچوونییەوە جێبەجێ دەکرێت.