تەندروستی سلێمانی رەزامەندی داوە
دەرمان و پێداویستی پزیشکی کەمپی ئاشتی بۆ عەربەت گواسترانەوە
964+
ئەحمەد مستەفا
مەڵبەندی ئیشکگری عەربەتی خواروو لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، “ئەو دەرمان و پێداویستییە پزیشکییانەی لەناو کەمپی ئاشتی هەبووە بۆ مەڵبەندەکەیان گواستراوەتەوە”.
لە 1.7.2024 بە فەڕمی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق کەمپی ئاشتی (کوردانی ئێزدیی و ئاوارەکانی پارێزگای سەڵاحەدین) تێیدا نیشتەجێ ببوون داخستن.
ئەمڕۆ یەکشەممە 21.7.2024، مەڵبەندی تەندروستی ئیشکگری عەربەتی خواروو لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، “لەناو کەمپەکە بنکەیەکی تەندروستی تێدابوو، بۆ خزمەتی ئاوارەکان لەگەڵ داخستنی کەمپەکە ئەو دەرمان و پێداویستیە پزیشکیانەی لەناو کەمپەکە بوو ئەگەر بمایەتەوە خراپ ئەبوون یان دەگەڕێندرانەوە بۆ کۆگای دەرمانی سلێمانی”.
باسیلەوەشکردووە، “ئێمەش بەپێویستمان زانی وەک ئەوەی چەندین ساڵە خزمەتی ئاوارەکانی کەمپەکە و دەرەوەی کەمپەکەش دەکەین داواکارییەکمان پێشکەش بە ئیدارەی بنکەی تەندروستی کەمپەکە کرد، لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی و لێپرسراوی بەڕێوەبەرایەتی دەرمانی سلێمانی خۆشبەختانە توانیمان سەرجەم ئەو دەرمانەی لە دەرمانخانەی بنکە تەندروستیەکە بوو بیگوازینەوە بۆ مەڵبەندەکەمان”.
ئەو مەڵبەندە تەندروستییە ئاماژەی بەوەشکردووە، “دەرمانەکان بۆ خزمەتی دانیشتووانی ناحیەی عەربەت بەکاردەهێنن، وە سەرجەم دەرمانەکان بە ئاگاداری بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی و بەڕێوەبەرایەتی دەرمان و پێداویستی پزیشکی سلێمانی هێنراون و بە نوسراوی فەرمی داخڵی مەڵبەندەکەیان کراوە”.