كشتوكاڵى دهۆك: سبه‌ى تێمێك ده‌نێرین

ئه‌مساڵ سێوه‌كانى به‌روارى باڵا نه‌خۆشن و كه‌ڵكى خواردنیان نییه‌

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

پێده‌چێت ئه‌مساڵ سێوه‌ به‌ناوبانگه‌كه‌ى به‌روارى باڵا له‌ سنوورى دهۆك، وه‌ك ساڵانى پێشوو بازاڕه‌كان ئاوه‌دان نه‌كاته‌وه‌، چونكه‌ تووشی نه‌خۆشییه‌ك بووه‌ و به‌قسه‌ى جوتیارانى سنووره‌ به‌ كه‌ڵكى خواردن نایه‌ن.

سێوه‌كان، خاڵى جیاوازى ره‌ش و قاوه‌ییان له‌سه‌ر دروستبووه‌ و به‌شێكی زۆریشیان به‌هۆى نه‌خۆشییه‌كه‌وه‌ شێوه‌ و قه‌باره‌یان له‌ده‌ستداوه‌ و قۆپاونه‌ته‌وه‌.

964 كشتوكاڵى دهۆكى له‌م كێشه‌یه‌ ئاگاداركرده‌وه‌ و پێیان راگه‌یاندین كه‌ سبه‌ى تیمێك بۆ ئه‌م ده‌ڤه‌ره‌ ده‌نێرن بۆ ئه‌وه‌ى بزانن نه‌خۆشییه‌كه‌یان چییه‌؟

رێبه‌ر دێریشكی، خه‌ڵكى به‌روارییه به‌روارى باڵایە و شاره‌زایی باشی له‌ كشتوكاڵى ناوچه‌كه‌ى هه‌یه‌، چه‌ند وێنه‌یه‌كی سێوه‌ نه‌خۆشه‌كانى گرتووه‌ و ده‌ڵێت ئه‌مساڵ نیوه‌ى زیاترى سنوورى به‌روارى تووشی ئه‌م نه‌خۆشییه‌ بوونه‌.

له‌سنوورى به‌رواری به‌روارى باڵا زیاتر له‌ 10 جۆر سێو به‌رهه‌م ده‌هێندرێت، جگه‌ له‌ سێوه‌ تایبه‌ته‌كه‌یان به‌ سێوى سوور ناسراوه‌، جۆره‌كانى وه‌ك ئه‌مریكا، لوینانى ، فه‌ڕه‌نسی، گۆڵدن و چه‌ند جۆرێكی دیكه‌ش به‌رهه‌م ده‌هێنن.

رێبه‌ر به‌ 964ـى وت “ساڵانه‌ ئه‌م نه‌خۆشییه‌ له‌ناو سێوه‌كان هه‌یه‌ به‌ڵام ئه‌مساڵ به‌ فراوانى بڵاوبووته‌وه‌ و پێناچێت ئه‌مساڵ وه‌ك ساڵانى رابردوو به‌رهه‌مه‌كه‌ى باش بێت”.

ئاماژه‌ى به‌وەشكرد، له‌ سنوورەکەیان 78 گوند هه‌ن، له ‌ته‌واوى ئه‌م گوندانه‌ به‌رێژه‌ى جیاواز باخ و بێستانى سێو هه‌یه‌، هە‌رچه‌نده‌ له‌ سنووره‌كه‌یان  هۆبه‌ى كشتوكاڵى هه‌یه‌ به‌ڵام ده‌ڵێت “وه‌كو پێویست نیه‌ و هیچ چاره‌سه‌رێكیشی بۆ ئه‌م ده‌رده‌ى سێوه‌كان پێ نییه‌”.

ئه‌حمه‌د جه‌میل، به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى كشتوكاڵى دهۆك به‌ 964ـى راگه‌یاند، نازانن ئه‌مساڵ چ جۆره‌ نه‌خۆشییه‌كه‌ تووشی سێوه‌كانى به‌روارى به‌روارى باڵا بووه‌ته‌وه‌، سبه‌ى تیمێك ده‌نێرنه‌ ئه‌م سنووره‌ بۆ ئه‌وه‌ى له‌ نه‌خۆشكه‌وتنى سێوه‌كان تێبگه‌ن.

وتیشی “تاوه‌كو ئێستا كه‌س نه‌هاتووه‌ته‌ لامان بۆ ئه‌وه‌ى نه‌خۆشیه‌كه‌مان پێ رابگه‌یه‌نێت، چونكه‌ هه‌رچۆنێك بێت ده‌تواندرێت ده‌رمان و پێداویستى بۆ چاره‌سه‌ركردنى دابین بكه‌ین”.

باسی له‌وه‌شكرد، ساڵى پار به‌هۆى بوونى سه‌رمایه‌كی زۆره‌وه‌ ته‌نیا پێنج هه‌زار تۆن به‌رهه‌مى سێویان له‌ به‌روارى به‌روارى باڵا هه‌بووه‌، به‌ڵام ساڵانى پێشووتر ئه‌م به‌رهه‌مه‌ بۆ زیاتر له‌ هه‌شت هه‌زار تۆن بووه‌.