بڕیار درا
ئێستا دەتوانن زەوییەکانی 8ـی حەسارۆک دابەش دوو بکەن
964+
توانا نەقی
بە بڕیاری ئەنجومەنی شارەوانی هەولێر لەمەودوا خاوەن زەوییەکانی هەشتی حەسارۆک دەتوانن زەوییەکانیان دابەشی دوو بکەن.
لە راگەیەندراوێکدا پارێزگای هەولێر دەڵێت، لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی شارەوانی هەولێر و لە دانیشتنی ژمارە (23)ـی ئەنجومەن بە بڕیاری ژمارە 182 لە رۆژی 15.7.2024 رێگەپێدانی دابەش دوو لە سەر زەوییەکانی کەرتی 8ـی حەسارۆک کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو بڕیارە لە پێناو بنیاتنانی ئاوەدانی زیاتر و بەرژەوەندی گشتیی و هاوڵاتیانی کەم دەرامەت دراوە.
کەرتی هەشتی حەسارۆک دەکەوێتە رۆژهەڵاتی شاری هەولێر، لەسەر رێگای کۆیە، زیاتر لە 16 هەزار و 500 پارچە زەویی 200 مەتری، 250 و 300، 450 و 600 مەتریی پێکهاتووە.
زەوی دابەش دوو واتە هەرکەسێک زەویەکەی بیەوێت بیکات بە دوو پارچە و پاشان خانووی لەسەر دروست بکرێت، ئەمە پێشتر رێگەیپێنەدەدرا، بەڵام لەمەودوا دەتوانرێت هەرزەوییەک دابەشی دوو بکرێت.