لەسەر داوای گۆڕان بەرپرسێکی باڵای ئەمنى سلێمانى دوورخرایه‌وه‌

+964

فه‌رهاد حه‌سه‌ن – هەولێر

وه‌زیری ناوخۆى هه‌رێم، بڕیاری دوورخستنه‌وه‌ى بەڕێوەبەری پۆلیسی فریاكەوتنی سلێمانی ده‌ركرد و ده‌شڵێت “ئه‌م بڕیاره‌ له‌سه‌ر داواكارى بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان بووه‌”.

بە بڕیاری وەزیری ناوخۆ و لەسەر داوای بزووتنەوەی گۆڕان و وەزیری ئاوەدانكردنەوە، بەڕێوەبەری پۆلیسی فریاكەوتنی سلێمانی 104 لە پۆستەكەی دوورخرایه‌وه‌ و بۆ پۆلیسی كارەبای سلێمانی گواسترایه‌وه‌.

بە فەرمانی وەزیری ناوخۆ عەقید دڵشاد عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری پۆلیسی فریاكەوتنی سلێمانی 104، لە پۆستەكەی كە لە پشكی گۆڕان بوو، دوورخرایه‌وه‌ و عەقید عەلی ئەحمەد عەزیز، لە شوێنەكەی دانرا.

بڕیارەكەی وەزیری ناوخۆ وەك لە نووسراوەكەدا ئاماژەی پێكراوە، لەسەر داوای وەزیری ئاوەدانكردنەوەیە، ئه‌م وه‌زیره‌ش سه‌ر به‌ بزووتنه‌وه‌ى گۆڕانه‌ و له‌رۆژى  19ى ئه‌یلوولی 2022، نووسراوێكی فه‌رمى به‌ ژماره‌ 67 ، ئاراستەی وەزیری ناوخۆ كردووه‌.

داواکەی گۆڕان لە وەزیرى ناوخۆی بەهۆی ئەوە بووە، ئەو بەرپرسە ئەمنییە ساڵی رابردوو وازهێنانی لە بزووتنەوەی گۆڕان راگەیاند، بەوهۆیەوە بزووتنەوەی گۆڕان بە فەرمی داوای گۆڕینی كردووە و وەزیری ناوخۆ فەرمانی گۆڕینی دەركردووە و گواستویەتییەوە بۆ پۆلیسی كارەبای سلێمانی.

دڵشاد عەبدوڵڵا لە ساڵی 2009كە بەڕێوەبەری ئیدارەی پۆلیسی كارەبای گەرمیان بوو، بەهۆی ئەوەی پەیوەندی بە ریزەكانی بزووتنەوەی گۆڕانەوە كرد، لەلایەن یەكێتیەوە لە پۆستەكەی دوورخرایەوە، ئێستاش كە وازی لە بزووتنەوەی گۆڕان هێناوە، له‌سه‌ر داواى ئه‌و بزووتنه‌وه‌یە جارێكی دیکە له‌ پۆسته‌ى دوورخرایه‌وه‌.