پاسەکانی ناو شار داوای بەستنی پەردە دەکەن
964+
دیلان محەمەد – سلێمانی
تا دێت پلەکانی گەرما روو لە هەڵکشان دەکەن، ئەو کەسانەی بە هێڵە گشتییەکان هاتوچۆ دەکەن گەرما تینی بۆ هێناون، سەندیکای شۆفێرانی کوردستان پێشنیارییان بۆ بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی کردووە، سەبارەت بە دانانی پەردە بۆ هێڵی پاسەکانی ناو شار.
ئازاد ئەحمەد سەرۆکی سەندیکای شۆفێرانی کوردستان لقی سلێمانی بە 964ی وت، داوایان لە هاتوچۆی سلێمانی کردووە، بۆ دانانی پەردە بۆ هێڵی پاسەکانی ناو شار، لەبەر ئەوەی پلەکانی گەرما کاریگەرییان لەسەرسەرنشینان هەیە.
روونیکردەوە، هێڵی پاسەکانی دەرەوەی شار ڕێگەیان پێدراوە پەردە ببەستن و ئێستا چاوەڕێی هاتوچۆی سلێمانین، بۆ ئەوەی رەزامەندی دەرببڕن لەسەر بەستنی پەردە بۆ پاسەکانی ناو شاریش لە وەرزی گەرمادا.
ئەحمەد کەریم شۆفێری پاسە بە 964ی وت، بەهۆی گەرماوە هاوڵاتییان زۆر بێزارن لە هاتوچۆ کردن بە پاس و رێژەی هاتوچۆ کردن لە نیوەڕۆیاندا بە شێوەیەکی بەرچاو کەمیکردووە.
ئالان قادر شۆفێرێکی دیکەی پاسە باسی لەوەکرد، ئەوەندە گەرمە بە تەنیا ساردکەرەوە توانای فێنکردنەوەی ناو پاسەکانی نیە و لەکاتی سەرکەوتنی سەرنشینەکاندا لە گەراج موبەریدەیان داناوە تا ناو پاسەکان فێنک ببنەوە.
لەسەر ئەم بابەتە بەهمەن عەبدوڵا وتەبێژی هاتوچۆی سلێمانی بە 964ی وت، پێشنیازی بەرزکردوەتەوە بۆ وەزارەتی ناوخۆ، بۆ ئەوەی هەمو ساڵێک لە بەرواری 1/5 تا 21/9 مۆڵەت بدرێت بە پاسەکانی ناو شار پەردە ببەستن لە کاتی هاتوچۆکردن بە هاوڵاتیان، بەڵام تا ئێستا وەڵام نەدراونەتەوە.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر