یەکێک لەو لۆگۆیانەى لەماوەى توێژینەوەکە بەکارهێنراوە...
توێژینەوەیەک:
ئەو کەسانەى هاوکاریى کۆمەڵایەتى وەردەگرن دڵنیانین لە پاراستنى شکۆیان
964+
وریا فەتاح
بەپێى توێژینەوەیەک کە بۆ پرسى دابەشکردنى هاوکارییە کۆمەڵایەتییەکان ئەنجامدراوە، دەردەکەوێت کە لە هەرێمى کوردستاندا شکۆى ئەو کەسانە پارێزراو نییە کە هاوکارى کۆمەڵایەتییان پێشکەش دەکرێت.
توێژینەوەى باشترکردنى هاوکاریی کۆمەڵایەتى لە هەرێمى کوردستان کە رێکخراوى پاسەوان بە هاوکارى پەیمانگاى پەرەپێدانى توێژینەوەى بەریتانى (IDS) ئەنجامیداوە، سەرنجى تەواوى لەسەر بارودۆخى ژیانى ئەندامانى گرووپە پەراوێزخراوەکانى کۆمەڵگە و ئەزموونیان بۆ دەستڕاگەیشتن بە هاوکاریی کۆمەڵایەتیى دەخاتە ڕوو.
دانا جەمیل، رێکخەرى پڕۆژەکە بە 964ـى وت،” توێژینەوەکە بە شێوەیەکى مەیدانیى و بە بەشداریی گرووپێک لە ژنانى خاوەنپێداویستیى تایبەت لە سلێمانى و گرووپێک لە گەنجانى هەڵەبجە ئەنجام دراوە، تیشک دەخاتە سەر کاردانەوە نەرێنییە دەروونیى و کۆمەڵایەتیی و سۆزدارییەکانیان و ئەو شکستانەى رووبەڕوویان دەبێتەوە لەکاتى وەرگرتنى هاوکاریی کۆمەڵایەتییدا”.
وەک ئەوەى بەرێوەبەرى پڕۆژەکە باسى دەکات، لەماوەى کارکردنیان لەگەڵ ئەو گروپانە لە رێگەى بەشداربووانەوە کە بەشێکى سەرەکى بوون لە پڕۆژەکە، گەیشتوون بە چەند راسپاردەیەک بۆ باشترکردن و رێکخستنەوەى هاوکاریی کۆمەڵایەتى لە هەرێمى کوردستان کەئەوانیش بریتین لە :
یەکەم: دڵنیابوونەوە لە پاراستنى شکۆمەندیى وەرگرانى هاوکاریی کۆمەڵایەتیى لە رێگەى وێنەنەگرتن و بڵاونەکردنەوەی لە ناوەندەکانى دابەشکردنى هاوکاریی کۆمەڵایەتییدا.
دووەم: نەهێشتنى بەربەستەکانى بەردەم گرووپە پەراوێزخراوەکان بۆ ئاسانتر دەستڕاگەیشتنیان بە هاوکاریی کۆمەڵایەتیى و پاراستنى سەلامەتییان و بەهەندوەرنەگرتنى ئینتیماى سیاسیی و ئایینیی.
سێیەم: چارەکردنى کێشەکانی پەیوەست بە پێشکەشکردنی هاوکاریی کۆمەڵایەتیی، چارەکردنی ئەو لەکەدارکردنەی بە هۆی هەژارییەوە دێتە ئاراوە؛ پێشکەشکردنی هاریکاریی تەندرووستیی گرانبەها و پێشکەشکردنی دەرفەت بۆ پەیداکردنی بژێویی.
چوارەم: لە چوارچێوەى پرۆگرامەکانى هاوکاریى کۆمەڵایەتییدا پرۆسەی بەشدارییکردنی درێژخایەن بنیات بنرێت لەپێناو درووستکردنى ژینگەیەکى یارمەتییدەرى باش بۆ کۆکردنەوەى زانیاریی گرنگ و تێگەیشتن لە تێڕوانین و هەست و سۆزە شاراوەکانى وەرگرانى هاوکاریی کۆمەڵایەتى، ئەوەش بە مەبەستى باشترکردنى پەیوەندیى هەمەلایەنە و کاریگەر و بەهێزکردن و رێکخستنى تواناو ئیرادەکان، کە ئەمانە پێشمەرجى کاری پێکەوەیین بۆ بەشدارییکردنى بەرپرسیارانە و پێشڕەوییکردنى کۆمەڵگە لە دابینکردنى هاوکاریی کۆمەڵایەتییدا، هەروەها درووستکردنى ژینگەیەکى وەڵامدەرەوە بۆ گونجاندن و بەهێزکردنى پەیوەندیى سوودمەندە شیمانەییەکان «Potential Beneficiaries» {ئەوانەى هەنووکە سوودمەند نیین و ئەگەرى ئەوە هەیە لە داهاتوودا پێویستیان بە هاوکاریی بێت} لەگەڵ دابینکەرانى هاوکاریی کۆمەڵایەتییدا.
پێنجەم: سوودوەرگرتن لە تۆڕە نافەرمییەکان لە رێگەى پەرەپێدانى پەیوەندییەکى بەهێزترەوە بە پاڵپشتییکردنى دارایی و هاوکاریی گەشەپێدانی ڕێکخراوە کۆمەڵایەتییەکانى تایبەت بە خاوەنپێداویستییانی تایبەت و ئەو ڕێکخراوانەى پرەنسیپ و بەهاکانیان هاوبەشن؛ پێکەوە دەتوانن وەک دامەزراوەیەک کارایانە کاربکەن لەسەر دابینکردنى هاوکاریی هەمەجۆر و بەشدارییکردنى بەرپرسیارانە لە چواچێوەى هاوکاریی کۆمەڵایەتییدا لە هەرێمى کوردستانى عێراق.
شەشەم: بەرەنگاربوونەوەى بەربەستە سیاسییەکان لە گەیاندنى هاوکاریی کۆمەڵایەتى بە گرووپە دیاریکراوەکانی هەرێمى کوردستانى عێراق، بەتایبەتى کە بە هۆى کەمیى بودجە یان نەناردنى بودجە لەلایەن حکوومەتى عێراقى فیدراڵەوە پرۆسەکە تەواو بەرتەسک بووەتەوە.
حەوتەم: چارەکردنى لایەنە سۆزداریی و دەروونیى و کۆمەڵایەتییە پشتگوێخراوەکان لە پرۆسەى هاوکاریی کۆمەڵایەتیدا «هەروەها چارەسەرکردنى گرفتى مادیی» لەگەڵ ئەو بەها و نۆرمانەى پەیوەستن بە شەرمەزارکردن و زەبرى کۆمەڵایەتییەوە، ئەوەش بە گرتنەبەرى ڕێبازى ماف بە قەدەغەکردنى هەموو جۆرە جیاکارییەک «Rights-Based Approach» لە کایەی هاوکاریی کۆمەڵایەتییدا لە هەرێمى کوردستانى عێراق.