بۆچی مۆبایلەكان گڕ دەگرن؟

+964
بڵند عوسمان- هەولێر

تەقین و گڕگرتنی مۆبایلە زیرەکەکان بووه‌تە دیاردەیەكی باو لە ناو بەکارهێنەران، تەنیا لە شەش مانگی رابردوودا لە کوردستان و جیهاندا چەند مۆبایلێك بەهۆی كێشەی باتریەوە تەقیونەتەوە و زیانی بە بەكارهێنەرانی گەیاندووە.

رۆژی 18ـی كانوونی دووەمی ئەمساڵ، هاوڵاتییەك لە گوندی عیسا لە دەڤەری گەرمیان، مۆبایلەكەی دەخاتە سەر شەحن و پاش ماوه‌یەك مۆبایلەكە تەقی و ٪80ـی جەستەی سووتا و گیانی لە دەست دا، پزیشكی دادوەری پشتڕاستی كردەوە، هاوڵاتییه‌كه‌، كه‌ مێردمنداڵێك بووه‌، بەهۆی تەقینی باتری مۆبایلەكەیەوە گیانی لەدەست داوه‌.

بەشێك لە مۆبایلە زیرەكەكان كاتێك دەخرێنە سەر شەحن یان گەرم دەبن، باتریەكەیان كارلێك لە نێو مادەكانی ناوی روودەدات و ئەمەش دەبێتە هۆی تەقینی مۆبایلەكە.

هەر کاتێک مۆبایل دادەنرێتە سەر شەحن بە هۆی گواستنەوەی تەزووی کارەبا بۆ باترییەکە، ئەوە خودی باترییەکە گەرم دادێت، ئەگەر بێتو لە دوخێکی وادا مۆبایل بارگاوی بکرێتەوە، ئەگەری تەقین و گڕگرتنی بە رێژەیەکی زۆر بەرز دەبێتەوە.

هەندێک جاریش هۆکاری تەقینی مۆبایلە زیرەکەکان، پەیوەستە بە خراپی لە دروستکردنی بەرهەمەکە، دیارترین نموونە کە بەسەر گالاکسی نۆت 7 داهات، كه‌ بە رێژەیەکی بەرچاو تووشی تەقین و گڕگرتن ده‌بنه‌وه‌، دواجاریش کۆمپانیای سامسۆنگ ناچاربوو مۆبایلی گالاکسی نۆت 7 بگەڕێنێتەوە و قەرەبووی کڕیارانی بکاتەوە، بەمەش کۆمپانیاكه‌ بڕی 17 ملیار دۆلار زەرەری كرد.

هەرچەندە چەندان جار مۆبایلەكانی “ئەپل”ـیش تووشی تەقینی پاتری بوونه‌، بەڵام تا ئێستا كۆمپانیای ئەپڵ هیچ قسەیەكی لەسەر ئەو بابەتە نەكردووە و قەرەبووی هیچ كەسیشی نەكردووەتەوە.

شارەزایانی بەكارهێنانی مۆبایل ئامۆژگاری بەكارهێنەران دەكەن، كاتێك مۆبایلەكەی دەستت گەرم بوو، بەكاری نەهێنێت و كاتێكی زۆریش بارگاوی نەكرێتەوە.