ماوەی هەفتەیەک بێئاو دەبن
خورماتوو هەفتەیەك بێئاو دەبێت
+964
سیروان خورشید – دوزخوماتوو
پڕۆژەی ئاوی قەزای خورماتوو پێویستی بە پاککردنەوە هەیە، چونکە بە جۆرێک پیس بووە ئاوەکەی رەنگی گۆڕاوە و شیاوی خواردنەوە نییە، بۆیە دانیشتووانەکەی بۆ ماوەی هەفتەیەک بێ ئاو دەبن.
ئیسماعیل مستەفا، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ئاوی خورماتوو بە 964ـی وت، “ناچارن چەند مانگ جارێک پڕۆژەی ئاوەکە پاکبکەنەوە، بەهۆی ئەوەی پڕۆژەکە مەودای زۆرە و رۆژانە ئاژەڵ دەچێتە ناوی و بەشێکیان مردار دەبنەوە تێیدا، ئەوە جگە لەوەی گژوگیایەکی زۆری تێدا کۆبووەتەوە، کەوای کردووە تام و رەنگی ئاوەکە بگۆڕێت و شیاوی خواردنەوە نەبێت.
وتیشی، ”لە پێناو پاراستنی تەندروستی دانیشتووانی قەزاکە، زوو زوو پڕۆژە ئاوەکە پاکدەکەینەوە و ئەمجارەیان ماوەی هەفتەیەک دەخایەنێ، داواش لە هاوڵاتیان دەکەین دەست بە ئاوەوە بگرن و زیادەڕەویی لە بەکارهێنانی نەکەن، چونکە تاکۆتایی هەفتە ئاو بەر نادرێتەوە
سەرچاوەی ئاوی خورماتوو، لەدوکانەوە دێت بە ئاراستەی کەرکوک و پاشان دێتە قەزای داقوق و لەوێشەوە شۆڕدەبێتەوە بۆ سنووری خورماتوو.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر