زۆرى نەمابوو بیکوژێت
ئەو کەسە کێ بوو تەقەى لە ترەمپ کرد؟
964+
وریا فەتاح
نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵیی ئەمریکا FBI، ناسنامەى ئەو کەسەى ئاشکرا کرد کە هەوڵى کوشتنى ترەمپى داوە و تەقەى لیکردووە.
ئێف بى ئاى، ئاشکراى کردووە کە تەقەکەرەکە ناوى تۆمای مانیۆ کرووکسە و تەمەنى 20 ساڵە و دانیشتوونى بێتێل پارکە لە ویلایەتى پێنسلڤانیا،
ئەوەش خراوەتەڕوو، کە تەقەکەرەکە لە سەربانی بینایەکەوە تەقەی کردووە پێش ئەوەى لەلایەن پاسەوانەکانەوە بکوژرێت.
ئامادە بوویەکى بانگەشەکە کوژراوە و دوو کەسى دیکەش بە سەختى بریندارن
هەرچەندە زۆرى نەمابوو گولـلەکە بەر سەرى ترەمپ بکەوێت، بەڵام وەک دەسەڵاتدارانى ئەمریکا باسى دەکەن، ترەمپ سەلامەت دەرچووە و دواى رووداوەکە بە فڕۆکە گەراوەتەوە بۆ ویلایەتى نیوجێرسى.
لێکۆڵینەوەکانى دەزگا فیدراڵییەکان تا ئێستا بەردەوامن، دەیانەوێت ئەوەیان دەستبکەوێت چى روویداوە و چۆن تەقەکەرەکە گەشتووەتە شوێنەکە و چ چەکێک بەکارهاتووە، تا ئێستا ئێف بى ئاى وەڵامى ئەوانەى نەداوەتەوە، بەڵام داواى لە خەڵک کردووە هەر زانیارى و گرتە و ڤیدیۆیەکیان لەسەر ئەو رووداوە هەیە بۆیانى بنێرن.
بەگوێرەى هەندێ زانیارى پشتڕاستنەکراوە، تەقەکەرەکە کۆماریخوازە و پێشتر بەشدارییەکى کەمى لەگەڵ گروپێکى دیموکراتەکان هەبووە.
بەرەبەیانى ئەمڕۆ بە کاتى هەرێمى کوردستان و ئێوارەى ئەمریکا، لە کاتى قسەکردن بۆ بەشێک لە هەوادارانى لە چوارچێوەى هەڵمەتى بانگەشەى هەڵبژاردن، تەقە لە دۆناڵد ترەمپ کرا و وەک باس دەکرێت گولـلەیەک بەر بەشى سەرەوەى گوێى کەوتووە و بەپێى گرتەکانیش خوێن لە گوێچکەى ترەمپ دەبینرێت.