پێنج هه‌زار كه‌س یه‌ك پاسیان نییه‌

دەروازەی گوندی کۆری – میدیازان

میدیازان – فاردین لوقمان – هەولێر

گوندی کۆری کە زیاتر لە پێنج هەزار کەسی تێیدا دەژین، تا ئێستا پاسی گواستنەوەی نییە، موختاری گەڕەکەکە دەڵێ، خەڵکەکە بێزارن و داواکارییەکەیان دەگەیەنمە وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندن.

گوندی کۆری کە یەکێکە لە گەڕەکەکانی شاری هەولێر، دەکەوێتە سەر شەقامی بازنەیی ١٥٠مەتری لە نێوان دووسایدی پیرمام و بەحرکە.

هاوکات ژمارەیەک شارو ستی و گەڕەکی تریش لە ریزی گوندی کۆرین و لە بەرانبەریشی هەن، بەڵام هیچیان پاسی هاتوچۆی چوونە بازاڕیان بۆ دابین نەکراوە.

دانیشتوانی گوندی کۆری، لەسەر نەبوونی هێڵی گواستنەوە ناڕه‌زایه‌یەتیان گەیاندۆتە موختار، داوای دابینکردنی هێڵی گواستنەوە دەکەن هاوشانی گەڕەکەکانی تر.

ئاری مزووری، موختاری گوندی كۆری بە میدیازانی راگەیاند، ناكرێت ئەم کێشەیە زیاتر درێژە بخایێنێت، چونكە خەڵكەكە بێزار بوونە.

زیاتر وتی “كار لەسەر ئەم كێشەیە دەكەم و داواكاری خەڵكەكە دەگەیێنمە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن”.