بۆرییەکە چاککرایەوە

وێستگەی پاڵاوتنی ئاوی ئیفراز سێ کەوتەوە کار

964+

ئەحمەد شەمزین – هەولێر

بۆرییەکەی ئاوی ئیفراز سێ، لەلایەن تیمەکانی ئاوی هەولێر چاککرایەوە و ئەمڕۆ پێنجشەممە ئاو دەگاتەوە بەو ماڵانەی کە بەهۆی شکانی بۆرییەوە بێ ئاو بوون.

وەزارەتی شارەوانی بەرەبەیانی ئەمڕۆ 11.7.2024 لە بڵاوکراوەیەکدا دەڵێت، “دوای شکانی بۆریی گوێزەرەوەی ئاوی ئیفراز سێ لە شاری هەولێر، لە ماوەی کەمتر لە 12 کاتژمێردا، بۆرییەکە چاكکرایەوە و وێستگەکە کەوتەوەکار و لە نزیکترین کاتدا ئاوی خواردنەوە دەگاتەوە ئەو ماڵانەی بەهۆی شکانی بۆرییەکەوە کێشەی کەم ئاویان بۆ دروست ببوو”.

پێشنیوەڕۆی دوێنی چوارشەممە، بۆریی ئاوی ئیفراز سێی هەولێر لە نزیك قەزای عەنكاوە تەنیشت شەقامی خزمەتگوزاری لەسەر شەقامی 120 مەتری شكا و بەهۆیەوە ئاوێکی زۆر رژایە شەقامەکە و ئاستەنگی هاتوچۆی بۆ بەشێک لە شۆفێران دروست کرد، رابه‌ر حوسێن، به‌ڕێوه‌به‌ری ئاوی هه‌ولێر بە 964ی وت، “کەمتر لە 24 کاتژمێر بۆڕی ئاوی پرۆژەی ئیفراز سێ چاکدەکرێتەوە و سەرجەم ئەو گەڕەکانەی دەکەونەسەر ئەم پرۆژەیە بێ ئاودەبن”.

ماوەی ساڵ و نیوێک زیاترە لە هیچ شوێنێک بۆری پرۆژەی ئاوی ئیفراز سێ نەشکاوە، ئەو شوێنەی ئەمڕۆ لێی شکابوو یەکەمجارە لەو جێگایە دەشکێت، پێشتر چەند جارێک و لەچەند شوێنێکی جیاواز شکاوە.

پرۆژەی ئیفرازی سێ‌ 40%ـی ئاوی خواردنەوە بۆ دانیشتووانی شاری هەولێر دابین دەكات، بەشی زۆری ئەو گەڕەکانەی دەکەونە دەرەوەی بازنەی شەقامی 100 مەتری دەیانگرێتەوە، وەک حەسارۆکان، فەرمانبەران، باداوە، زانکۆ، هەولێری نوێ، گوڵان، هەڤاڵان و قەڵاتی نوێ چەندین گەڕەکی دیکە.

پێداچوونەوەی : ئەحمەد مستەفا

بۆریی ئاوی ئیفراز سێ شكا

بۆریی ئاوی ئیفراز سێ شكا