بۆ گەشتێکی هەرزان مانگی یەک و دوو هەڵبژێرە

+964
پەرستۆ ساڵح

نرخی بلیتی فڕۆکە لە مانگی کانونی دووەم و شوبات لە هەرێمی کوردستان هەرزانترینە، بەهۆی نەبوونی هیچ بۆنە و پشوویەک.

بەشێوەیەکی گشتی نرخی بلیتی فڕۆکە بەپێی کیشوەر و وڵاتەکان و وەرزی گەشتیاری دەگۆڕێت، بەڵام لە کوردستان لە مانگی کانونی دووەم و شوبات کەمترین نرخی هەیە بە بەراورد بە پشووەکانی هاوین و بۆنەکان.

ئارام  ئەحمەد، بەڕێوەبەری سەلامەتی لە هێڵی ئاسمانی تورکیش ئێرلاین بە تۆڕی 964ی وت “مانگی کانونی دووەم و شوبات رێژەی گەشتیار زۆر کەم دەبێتەوە، بەهۆی نەبوونی هیچ پشوویەک یان بۆنەیەک، ئەمەش دەبێتە هۆی زیادبوونی ئۆفەرەکانی گەشتیاری بە نزمترین نرخ تا فڕۆکەکان بە بەتاڵی نەڕۆن، بە نمونە لەو دوو مانگەدا گەشتیار هەبووە بۆ ئیستانبوڵ تەنها بلیتی رۆیشتنی بە 220 دۆلار کڕیوە، بەڵام هەمان بلیتی لە بۆنە و جەژنەکان بە 720 دۆلار کڕیوە”.

بەپێی زانیارییەکان ئەو کەسانەی لەم دوو مانگەی ساڵدا گەشت دەکەن زیاتر بۆ کاری بازرگانی و ئیشی تایبەتە، بێگومان تا زووتر لە کاتی دیاریکراویش بلیت بکڕیت نرخەکەی هەرزانترە بەتایبەت بۆ جەژنەکان، بە نمونە خەڵکانێک لە ئێستاوە بۆ جەژنی نەورۆز بلیت دەکڕن تا هەرزانتر بەدەستی بهێنن.

سالار تۆفیق بەڕێوەبەری نوسینگەی گەشتیاری سلێمانی بۆ تۆڕی 964 باسکرد “لەم دوو مانگەدا نرخەکان بە رێژەی لە سەدا 50 هەرزانتر دەبێت بە بەراورد بە مانگەکانی دیکەی ساڵ بەهۆی نەبوونی پشوو، هێڵەکانیش لەپێناو ساغکردنەوەی بلیتەکانیان هەرزانترین پێشکەش دەکەن”.

جگە لە هەرزانبوونی نرخی بلیتەکان لە مانگی کانونی دووەم و شوبات گروپە گەشتیارییەکانیش نامێنن، هاوکات ئەم جیاوازییە لە سلێمانی زیاترە بەهۆی ئەوەی تەنها دوو هێڵی فڕۆکەوانی تێدایە.