نزیکەى سێ هەزار جێژووان بۆ زیندانیان رەخسێنراوە

40 منداڵ لەگەڵ دایکیان لە زیندانەکانى چاکسازیدا دەژین

964+

ئەحمەد شەمزین – هەولێر

لەناو زیندانەکانى چاکسازیدا 40 منداڵى خوار سێ ساڵ لەگەڵ دایکیان دەژین و یەک هەزار و 90 ژنیش لە چاکسازییەکاندان، نزیکەى سێ هەزار جێژوانیش بۆ زیندانیان رەخسێنراوە.

ئەمڕۆ سێشەممە 9.7.2024، ئیحسان عەبدولرەحمان بابان، بەڕێوەبەرى گشتى چاکسازى هەرێم، ئامارەکانى شەش مانگى رابردووى چاکسازییەکانى (هەولێر، سلێمانى، دهۆ)ـى بۆ 964 ئاشکراکرد و رایگەیاند، چوار هەزار و 311 زیندانى لە ناو چاکسازییەکاندان کە سێ هەزار و 221 کەسیان لە رەگەزى نێرن و یەک هەزار و 90 کەسیان لە رەگەزى مێن.

رونیشى کردەوە کە 474 زیندانى کە 426 نێر و 48 مێ لە قوتابخانەکانى ناو چاکسازى دەخوێنن.

لە شەش مانگى رابردودا لەلایەن زیندانییەکانەوە 34 هەزار و 124 جار سەردانى کتێبخانەکانى ناو چاکسازى کراوە و کتێب وەرگیراوە بۆ خوێندنەوە.

بە وتەى بەڕێوەبەرى گشتى چاکسازى، لە زیندانەکانى چاکسازى هەولێر و سلێمانى و دهۆک، 40 منداڵى خوار تەمەن سێ ساڵ لەگەڵ دایکیانن و دواى ئەو تەمەنەش دەیانگەڕێننەوە بۆ ناو کەسوکاریان یان شێڵتەرەکان.

لەبارەى مۆڵەت و جێژووان بۆ چاکسازییەکان، بەڕێوەبەرى گشتى چاکسازییەکان ئاشکراى کرد کە لەو شەش مانگەدا 223 زیندانى مۆڵەتى کاتى چونە ماڵەوەیان پێدراوە و دوو هەزار و 848 جاریش جێژووانیان بۆ رەخساندوون.

لەماوەى ئەو شەش مانگەدا هیچ تەڵاق و جیابوونەوەیەک بۆ زیندانیانى چاکسازییەکان تۆمار نەکراوە، واتا ئەو ژن و پیاوانەى هاوسەردارن و یەکێکیان دەستگیرکراوە هیچ جیابوونەوە (تەڵاق)ێک نەبووە

پێداچوونەوە: وریا فتاح

خولی پیشەیی بۆ راگیراوانی ناو چاکسازییەکان دەکرێتەوە

خولی پیشەیی بۆ راگیراوانی ناو چاکسازییەکان دەکرێتەوە