بەشێک لە سایەق پاسەکانی سلێمانی لە بەردەم مەکتەبی سیاسی یەکێتی گردبوونەوە

964+
دیلان محەمەد

لە ئێستادا شۆفێری پاسەکانی ھێڵی شەکرەکە-قلیاسان لە سلێمانی ناڕەزایی دەردەبڕن و لە بەردەم مەکتەبی سیاسی یەکێتی گردبوونەتەوە، بەرامبەر بەوەی 16 پاسی ھێڵی گەڕەکی رزگارییان بۆ زیادکراوە.

دیلمان جەزا، نوێنەری پاسەکانی قلیاسان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، سەردانی زۆر جێگەیان کردووە، بەڵام وەڵامێکی ئەوتۆیان وەرنەگرتووە “گرفتی ھێڵی پاسەکانی سلێمانیان بە ھێڵی قلیاسان کوژاندووەتەوە”.

ئەوەشی خستەڕوو، کۆمەڵێک پاسیان ھێناوە کە ئەوانە ھێڵی مردوون بە چوار ھێڵ یەک ھێڵیان لێدروست کردووە و داویانە بە شەکرەکە-قلیاسان.

سلێمانی لە دوو ھێڵ پێکھاتووە، ھێڵەکانی دەرەوەی شەقامی بازنەیی مەلیک مەحمود و ھێڵەکانی ناو ئەو شەقامە، بە قسەی ئەم شۆفێرانە ئەوھێڵانەی دەرەوە کاریان باشترە، ئەوانەی ناو شار کاریان کەمبوەتەوە.

دیلمان جەزا وتیشی، لە دوێنێ شەوەوە لە دەباشان داوای بینینی سەرۆکی یەکێتیان کردووە و تا ئێستا نەیانبینیوە، ئەمڕۆش لە مەکتەبی سیاسی یەکێتی چەند نوسراوێکیان لێوەرگرتوون و ھیچی تر.

ھێڵی پاسی شەکرەکە-قلیاسان لە 36 پاس پێکھاتووە و لەماوەی رابردوودا 16 پاسی ھێڵی رزگاریان بۆ خستوونەتە سەر ھێڵەکەیان.