سەرۆکایەتی پەرلەمان و ‌سەرۆکی فراکسیۆنەکان لەکۆبوونەوەدان

964+

هاوبەش ئەبوبەکر – سلێمانی

دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان و ‌سەرۆکی بەشێک لە فراکسیۆنەکان لە کۆبوونەوەدان و یەکێتی دەڵێت گفتوگۆ لەسەر ھەمواری یاسای ھەڵبژاردن و کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن دەکەن، پارتیش دەڵێت بۆ دەستپێکردنەوەی دانیشتنەکانی پەرلەمانە.

پێشەوا هەورامی وتەبێژی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان بە تۆڕی 964+ی راگەیاند، کۆبوونەوەکە بۆ دانانی وادەیەکە بۆ دەستپێکردنەوەی دانیشتنەکانی پەرلەمان.

ئەو زیاتر وتی “ئەو بابەتە [ھەمواری یاسای ھەڵبژاردن] لە دەرەوەی پەرلەمان یەکلادەکرێتەوە، جارێ ئێمە ئامانجمان ئەوەیە دانیشتنەکان دەستپێبکەنەوە.”

دەشڵێت، دەبێت لایەنەکان بڕیار لەسەر ھەموارکردنەوەی یاسای ھەڵبژاردن بدەن و تاكو پارتی و یەکێتی لەسەر ئەوە کۆنەبنەوە هیچ بڕیارێک نادرێت.

زیاد جەبار سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان بە میدیای حزبەکەی راگەیاند، ئامانجی کۆبونەوەکە گفتوگۆکردنە لەسەر ھەمواری یاسای ھەڵبژاردن و کارکردنەوەی کۆمیسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنی ھەرێمی کوردستان.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، کۆبونەوەکان بەردەوام دەبێت تا دەگەنە رێککەوتن لەسەر ھەمواری یاسای ھەڵبژاردن و کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردن، دواتر کۆبونەوەی پەرلەمانی کوردستان ساز دەکرێت.