کەسیش نییە بیکوژێنێتەوە

ئاقاری پێنج گوندی دەڤەری بەرگارە دەسووتێت

964+
هیڤی دێوالی – دهۆک

بەهۆی شەڕی نێوان پەکەکە و تورکیا، ماوەی سێ رۆژە ئاقاری پێنج گوندی دەڤەری بەرگارەی لە سنووری قەزای ئامێدی دەسووتێت، موختاری گوندێکی دەڤەرەکەش دەلێت85%ی ئاقارەکان سووتاوە.

ئازاد هەمزۆ موختاری گوندی مژێ لە دەڤەری بەرگارەی بە 964ـی وت، سێ رۆژە بەهۆی شەڕی پەکەکە و تورکیا 85%ی ئاقارەکانمان سووتاوە، ئەوە جگە لە ژمارەیەکی زۆر لە خانووەکانی ناو گوندەکە و تراکتۆری جوتیاران و بەسەدان دۆنمی زەوی بەرهەمدار.

وتیشی، دانیشتوانی گوندەکان دوێنێ ئاگرەکەیان کوژاندەوە بەڵام بەرە بەیانی ئەمڕۆ دووبارە ئاگرەکە سەری هەڵداوەتەوە، لایەنی پەیوەندیدار بە هانامانەوە نایەن بەهۆی نەسەقامگیری ناوچەکە.

”هەر هاوڵاتیەکی بە نزیکی پێنج بۆ 10 ملیۆن دینار زەرەرمەند بووە، چونکە بژێوی و ژیانمان لەسەر کشتوکاڵ و بەرهەمی “سماق و گۆێز”ـە.” ئازاد هەمزۆ وای وت.

بێوار عەبدولعەزیز،وتەبێژی بەرگری شارستانی پارێزگای دهۆک بە 964ـى وت، ”لە هەر ناوچەیەک بوردۆمان و شەڕ هەبێت، بەتایبەتی دەڤەرەکانی بەرگارەی بەهیچ شێوەیەک تیمەکانمان ناتوانن نزیکی ببنەوە، بەهۆی ناسەقامگیری ناوچەکە و مەترسی شەڕەتەقە و بوردۆمانی شەڕی نێوان تورکیا و پەکەکە.

964 دەزانێت، بەهۆی رووبەڕووبوونەوەکانی نێوان پەکەکە و سوپای تورکیا، چەندین رۆژە زۆرینەی زەوی و ئاقارەکانی گوندەکانی سنووری قەزای ئامێدی دەسووتێن و بە هەزاران دۆنم لە هەر پێنج گوندی دەڤەری بەرگارەی مژێ، کەڤنەمژێ، سپینداراخەلفو، گێرگاش و دێرشێ سووتاون.

دەڤەری بەرگارەی بەناوبانگە بە دارەکانی”سماق، گوێز، بادەم، فستەق، سێو و خۆخ”، ساڵانە زیاتر لە 100 تۆن سماق لەو دەڤەرە بەرهەم دەهێنرێت.

پێداچوونەوە: ژێوار خدر