نەخۆشى دەگوازنەوە؟

داوا دەکرێت دوکانى مریشکفرۆشانى ناو کۆڵانەکان دابخرێن

964+
رێژوان مامە قادر – سلێمانی

ڤێتێرنەری سلێمانی پێشنیار دەکات دوکانى مریشکفرۆشانى ناو کۆڵانەکان دابخرێن و لە دەرەوەی شار سەربڕینخانەی مریشک بکرێتەوە.

هۆکاری ئەو داوایەیان بۆ ناتەندروستی سەربڕین لە مریشکفرۆشییەکان دەگەڕێننەوە و چەند جارێکیش داوای داخستنیان کردوون.

بورهان عومەر، لێپرسراوی بەشی کوشتارگەکان لە بەڕێوەبەرایەتی ڤێتێرنەری سلێمانی بە 964ـى وت، هیچ مریشکفرۆشێکی ناو کۆڵانەکانی سلێمانی لاى ئێمە مۆڵەتیان نییە و مۆڵەتیشیان پێنادرێت.

وتیشی، “ئەو مریشکانەی لە کۆڵانەکان سەردەبڕدرێن پشکنینیان بۆ ناکرێت و ئەو کەسانەی کاریش دەکەن پێناسی تەندروستیان نییە و رەنگە نەخۆش بن و لە رێگەی ئەو مریشکانەوە بیگوازنەوە”.

بەپێی زانیارییەکانی 964، بەڕێوەبەرایەتی خۆپاراستنی تەندروستی سلێمانی لە بەرنامەیدایە هەڵمەتێک بۆ مریشکفرۆشی کۆڵانەکان دەستپێبکات و بەشێکیان دابخات و رێنماییش بداتە بەشێکیان بۆ دەرهێنانی مۆڵەت.

ئەو پزیشکەی ڤێتێرنەری سلێمانی باسى لەوەکرد، چەندان جار نووسراویان کردووە کە پێویستە ئەو دوکانى مریشکفرۆشانەى دەکەونە ناو کۆڵانەکانەوە دابخرێن، بەڵام وەک دەڵێت، بە پێچەوانەوە ژمارەیان هەر لە زیادبووندان.

لێپرسراوی بەشی کوشتارگەکان لە بەڕێوەبەرایەتی ڤێتێرنەری سلێمانی، بە پێویستی دەزانێت کوشتارگەی مریشک لە دەرەوەی شاری سلێمانی بکرێتەوە و مریشک لەوێ سەرببڕدرێت و بهێندرێتەوە ناو شارەکان و بفرۆشرێت.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح

جارێکی دیکە نرخی مریشک بەرزبووەوە

جارێکی دیکە نرخی مریشک بەرزبووەوە