حاسڵات
هێرشەکانی تورکیا 37 دانە بوون و لە مانگێکدا 15 حاڵەتی ژنکوژی لە ئێران هەبووە
964+
ژووری هەواڵ
وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە راگەیاندراوێکدا دەڵێت: شەوی رابردوو بە فڕۆکەی جەنگی 37 هێرشیان کردووەتە چەند ئامانجێکی پەکەکە لە ناوچەکانی گارە، قەندیل، مەتینا، ئاسۆس و خواکورک لە باشووری کوردستان.
شەوی رابردوو جمجۆڵی سوپای تورکیا لە دەوروبەری ئامێدی زۆر بوو، بە چڕی چەند گوندێکی ئەو دەورووبەرە و چەند ناوچەیەکی تری کوردستانیش بۆردومان کرا، ژمارەیەک زۆری ئۆتۆمبێلی سەربازی لە گوندی سەرگەلێی ئامێدی بینراوە.
میدیاکانی نزیک لە پارتی کرێکاران دەڵێن: دوای ئەوەی هێزەکانی تورکیا گەیشتوونەتە گوندی سەرگەلێ، گەریلاکانیان بە چەکی قورس لێیانداون، دوو سەربازی تورکیایان کوشتووە و شەشی تر بریندار بوون، جبەخانەیەکیشیان لەناو بردووە.
هێزەکانی سوریای دیموکرات رایگەیاند: لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا 28 ئۆپەراسۆنیان دژی داعش ئەنجام داوە، 233 گومانلێکراویان دەستگیرکردووە کە هاوکاری ئەو گرووپەیان کردووە و 10 چەکداری داعشیان کوشتووە.
هەڵمەتی گرتنی هاوڵاتیان و چالاکوانانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە بەردەوامە و لەو چوارچێوەدا لە دوو رۆژی رابردوودا لە شاری شنۆ پێنج کەسی دیکە دەستبەسەرکراون، تائێستا هۆکاری دەستبەسەرکردنی ئەو پێنج کەسە و شوێنی راگرتنیان نەزانراوە.
رێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ دەڵێت: لە ماوەی مانگی حوزەیران لانی کەم 8 چالاکوانی ژن دەستبەسەر کراون و 2 چالاکوانی ژنیش لەلایەن دەزگای دادوەرییەوە سزای بەندکرانیان بەسەردا سەپێندراوە، 15 حاڵەتی ژنکوژی لە شارە جیاوازەکانی ئێراندا تۆمار کراوە و هیچ حاڵەتێکی لەسێدارەدرانی ژنان نەبووە.