لەلایەن وەزارەتی دارایی هەرێمەوە

هاوتاکردنی موچەی خانەنشینی لەگەڵ بەغدا پەسەند کرا

964+

توانا نەقی

ئەنجومەنی وەزیران پێشنیاری وەزارەتی دارایی و ئابووری بۆ یەکخستنی یاسای خانەنشینی لەسەرتاسەری عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە پەسەند کرد.

بە جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە موچەخۆرانی خانەنشینی هەرێم ئاهێک بەبریاندا دێت و مەچەکانیان بەشێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکات.

ئەمڕۆ چوارشەممە، وەزارەتی دارایی هەرێم بڵاویکردەوە، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم، وەزیری دارایی و ئابووری، لە راپۆرتێکدا بابەتی هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینانی هەرێمی کوردستانی لەگەڵ هاوتاکانیان لە حکومەتی فیدراڵ خستووەتەروو، ئەوەش بە پێی یاسای خانەنشینی یەکگرتوو ژمارە 9ـی ساڵی 2014 کارپێکراو لە بەغدا کە یاسای ژمارە 27ـی ساڵی 2006ـێ هەڵوەشاندووەتەوە.

دەشڵێت، لەمەودوا دەبێت کار بە یاسای ژمارە 9ـی ساڵی 2014 بکرێت بە ئاراستەی یەکسانی لە موچە و ئیمتیازات و شایستەی دارایی خانەنشینان کە ژمارەیان لە هەرێمی کوردستان 277 هەزار و 541 کەسن و خەرجی کۆی مووچەی مانگانەی ئێستایان 122ملیار دینارە.

بە قسەی وەزارەتی دارایی، ئێستا لە هەرێم کەمترین بڕی موچەی خانەنشینی 220 هەزار دینارە، لە کاتێکدا کەمترین موچە لە ناوچەکانی دیکەی عێراق 500 هەزار دینارە، ئەمە جگە لە دەرماڵەی بژێویی کە بڕەکەی 100 هەزار دینارە و مانگانە بۆ خانەنشینانی عێراق خەرج دەکرێت، سەرەڕای وەرگرتنی پاداشتی کۆتایی خزمەت لە حکومەتی فیدڕاڵ لەسەر بنەمای کۆی دوا موچە و دەڕماڵە نەک تەنیا موچەی بنەڕەتی.

ئاماژەی بەوەشداوە، سەرجەم موچەخۆرانی هەرێم بە شێوەیەکی دادپەروەرانە بە یەک یاسا و مەرج و پێوەر، خانەنشین دەکرێن و یەک دامەزراوەش بە ناوی دەستەی خانەنشینی نیشتیمانی، تایبەتمەند دەبێت بە خانەنشینی لە سەرجەم بوارەکانی وەزیفەی گشتی (شارستانی و سەربازیی و پێشمەرگایەتیی و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ) کە ئێستا بە گوێرەی یاسای ساڵی 2006 هەر یەک لەم پۆستانە یاسای خانەنشینی تایبەت بە خۆیان هەیە.

موچەی خانەنشینی زیاد دەکات

موچەی خانەنشینی زیاد دەکات