تەقینەوەی ئۆتۆمبێلێک لە سلێمانی

سەرچاوەیەك لە نەخۆشخانەی شار بۆ 964: تەنیا دوو بریندار گەیەندراونەتە نەخۆشخانە

964+
ئەحمەد محەمەد

سەرچاوەیەكی ئاگادار لە نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی بە 964ی وت، تەنیا دوو كەس گەیەندراونەتە نەخۆشخانە و بە سەختی بریندارن و یەكێكیان قاچ و دەستی پەڕیوە و رووخساری شێواوە.
وتیشی، یەكێك لە بریندارەكان بە كرمانجی قسە دەكات و پرسیاری لە پزیشكەكان كردووە ” هەڤاڵی من چی بەسەر هاتووە و لە كوێیە”.

سەرچاوەیەكی ئەمنییش هەر لە بارەی رووداوی تەقینەوەی ئۆتۆمبێلەكەی سلێمانی، بە 964ی وتی، “ئەو ئۆتۆمبێلەی تەقیوەتەوە بە درۆن هێرشی نەكراوەتەسەر و پێدەچێت بۆمبی پێوەلكێنداربێت”.
هەروەها سەلام عەبدولخالق وتەبێژی ئاسایشی سلێمانی بە 964ی وت، تیمەكانیان خەریكی لێكۆڵینەوەن و جارێ نازانن چی بووە، كە گەیشتنە ئەنجام زانیارییەكان بڵاودەكەنەوە.

دەنگۆی ئەوە هەبوو ئەو كەسانەی ناو ئۆتۆمبێلەكە بوون، سەر بە تەڤگەری ئازادیی كوردستانن”، بەڵام تارا حوسێن هاوسەرۆكی تەڤگەری ئازادی كوردستان بۆ 964 رەتیكردەوە، كە هیچ ئەندامێكی ئەوان لە تەقینەوەكەدا بەركەوتبێت.

ئێستا پەیامنێری 964 لە شوێنی رووداوەكەیە و زانیاریی ئەوەی گەیاند، زیاتر لە 10 ئۆتۆمبێلی هێزە ئەمنییەكان دەوری شوێنی رووداوەكەیان داوە و نایەڵن كەس نزیك بێتەوە.

ئەم نیوەڕۆیە ئۆتۆمبێلێک لە نزیک پڕۆژەى میران سیتى لە شارى سلێمانى تەقییەوە.
سەرچاوەیەک لە نزیک شوێنى رووداوەکە بە 964ـى وت، دەنگێکى گەورە هاتووە و دواتر ئۆتۆمبێلێک ئاگرى گرتووە.
ئەو شوێنەى رووداوەکەى لێى رووداوە دەکەوێتە پشت زانکۆى سلێمانى و نزیکە لە پڕۆژەى نیشتەجێبوونى میران سیتى.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا

ئۆتۆمبێلێک تەقییەوە و دوو کەس بریندارن

ئۆتۆمبێلێک تەقییەوە و دوو کەس بریندارن